پارتی سۆسیال دیموکرات و بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەی پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی باڵای نیشتیمانی تاوتوێ دەکەن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەمووزی 2026، شاندێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەسەر راسپاردەی محەمەدی حاجی مەحموود، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد، ئامانجی سەردانەکە پێشکەشکردنی پرۆژەیەک بوو بۆ پێکهێنانی "ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان" لە هەرێمی کوردستان.
فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2016ـەوە کاری لەسەر کراوە و لە ئێستادا گەڵاڵە کراوە و ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکی تەنیا شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی نێوان لایەنەکان نییە، بەڵکو دەیانەوێت ناوەندێک درووست بکەن کە لایەنە سیاسییەکان، رۆشنبیران و کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی لە دەوری پرسە نیشتیمانییەکان کۆبکاتەوە.
وتەبێژی سۆسیال دیموکرات ئاشکرای کرد کە بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی پێشوازییان لە پرۆژەکە کردووە، بەڵام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت ئەم ئەنجوومەنە بە هیچ شێوەیەک ببێتە بەدیلی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، وەک پەرلەمان، حکومەت و ئەنجوومەنی دادوەری.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی سیاسی دژایەتی خۆی بۆ ئەم پرۆژەیە رانەگەیاندووە و تەنیا هەندێک سەرنج و پرسیار لەسەر ناوەڕۆکەکەی هەبووە، بڕیار وایە لە قۆناغی یەکەمدا کۆدەنگی لەسەر پرۆژەکە درووست بکرێت و دواتر لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا، لایەنەکان بڕیار لەسەر درووستکردنی ئەنجوومەنەکە و داڕشتنی پەیڕەوی ناوخۆی بدەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەرهاد تۆفیق باسی لە پرسی پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کرد و وتی: "پێکنەهێنانی حکومەت دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانە کە هیچ لایەنێک نەیتوانیوە زۆرینە بەدەستبهێنێت، بۆیە لە ئێستادا پێویستە پارتی و یەکێتی خۆیان کۆببنەوە و رێکبکەون"، هۆشداریشی دا کە پشتگیریکردنی هەر لایەنێکی سیاسی لە پارتێکی دیاریکراو دژی لایەنەکەی تر، تەنیا بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و یارمەتیدەر نابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
PM:12:53:08/07/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت