عەلی باپیر: بەمجۆرە وڵات بەڕێوەنابرێت و زۆرینەی خەڵک ناڕازین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پانێڵکدا لە کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی رایگەیاند، "دەبێت پەنجە بخەینە سەر برینەکان و بە روون و راشکاوی باس لە کێشەکان بکەین".


لەبارەی حکومڕانی هەرێمی کوردستانەوە عەلی باپیر وتی، "پێویستە ئەقڵیەتی حوکمڕانی بگۆڕێت، چونکە بەمجۆرە وڵات بەڕێوەنابرێت و حوکمڕانی بە ئەقڵی فراوان و ئەخلاق و دڵی گەورە دەکرێت".

وتیشی، "ئەم وڵاتە پڕە لە خێر و بێر، کەچی تەماشا دەکەیت خەڵکێکی زۆر هەژارن و زۆرینەی خەڵک لەمجۆرە حوکمڕانییە ناڕازین".

وەک عەلی باپیر ئاماژەی پێدا، "ئەم وڵاتە هی حزب نییە هی هەموو کوردێکە و حزبەکانی کوردستان بەهۆی ململانێوە ئاگایان لە خەڵک نەماوە، بۆیە دەبێت حزبەکانی کوردستان چاویان لە ژیانی خەڵک بێت".

راشیگەیاند، "کێشەی هەردوو حزبی حوکمڕان لەسەر بەرژەوەندییە مادییەکانی خۆیانە".

عەلی باپیر لەمیانی پانێڵەکەدا باسی لە مووچە کرد و ئەوەی خستەڕوو، "پێشتر بە محەمەد شیاع سودانیم وت هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، پێویستە کێشەی مووچەیان بۆ چارەسەر بکرێت".

لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی تیشکی خستەسەر ئەوەی، کە جەنگەکە زیانێکی زۆری بە ئەمریکا و ئیسرائیل گەیاندووە و پێویستە ئەمریکا وانە لە جەنگی ئێران وەربگرێت.


AM:11:39:07/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو