کونسوڵی فەرەنسا: پشتگیری بێلایەنی هەرێمی کوردستان دەکەین و گفتوگۆ تەنیا رێگەی چارەسەرە


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ 6ی حوزەیرانی 2026، یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ میدیای پارتی رایگەیاند، وڵاتەکەی وەک هاوپەیمانێکی مێژوویی و راستەقینە، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سەقامگیری هەرێم، بەتایبەت لەم قۆناغەدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت.


کونسوڵی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاڵنگاری ئەمنی بووەتەوە، بەڵام پاریس هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم بەکار هێناوە.

هەروەها وتیشی، "ئێمە هاوبەش و هاوپەیمانی مێژوویین، وەک بینیتان تەنانەت سەربازێکی ئێمە لەم پێناوەدا گیانی لەدەستدا، کە ئەمە گەورەترین بەڵگەیە بۆ پابەندبوونی ئێمە بە پاراستنی کوردستان".

یان برێم لە بەشێکی تری قسەکانیدا ستایشی ژیریی سەرکردایەتی سیاسی کوردستانی کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان و رایگەیاند، "گرتنەبەری سیاسەتی بێلایەنی لە جەنگی ئێراندا هەنگاوێکی زۆر گرنگ و دروست بووە"، هەروەها رێزی وڵاتەکەشی بۆ قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگە دەربڕی.

سەبارەت بە چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، کونسوڵی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی وڵاتەکەی جێگیرە و پێویستە هەموو لایەک بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان، چونکە تەنیا رێگەی بنەڕەتی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان رێکاری سیاسی و دیپلۆماسییە.



PM:07:10:06/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو