بافڵ تاڵەبانی: پێویستە حکومەتی داهاتووی هەرێم هاوسەنگی و شەراکەتی تێدا پارێزراو بێت
وێستگەنیوز-
رۆژی پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئهرمان تۆپچو، كونسوڵی توركیا له ههرێمی کوردستان ئامادەیبوون، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەبەر باس و بافڵ تاڵەبانی دیدگای یەکێتی خستەڕوو و وتی، "پێویستە حکومەتی داهاتوو هاوسەنگی و شەراکەتی تێدا پارێزراو بێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە و رایگەیاند، "باشبوونی پەیوەندییەکان رەنگدانەوەی لەسەر دۆخ و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان هەبووە و دەمانەوێت ئەوە بەردەوام بێت".
پەیوەست بە دۆخی کەرکوک باڵیۆزی تورکیا ستایشی رۆڵی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی کرد لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان و رێککەوتنە سیاسییەکانیشی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد بۆ زیاتر خزمەتکردنی شارەکە و قووڵکردنەوەی برایەتی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک.
لە کۆبوونەوەکەدا پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان لە نێوان عیراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش جەختی لەسەر کرایەوە.
PM:11:55:04/06/2026
ئهم بابهته 360
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت