بزووتنەوەی سادیقون: مەسرور بارزانی بە خەزعەلی وت ئەوە سێ جارە سەردانت دەكەین دەبێت تۆش سەردانی ئێمە بكەیت
وێستگەنیوز-
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقون رایدەگەیەنێت، خەزعەلی بەڵێنی داوە لە كاتێكی گونجاودا سەردانی هەولێر بكات، ئاماژە بەوەشدەکات، پارتی خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لاپەڕیەكی نوێی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عەسائیب و بزوتنەوەی سادیقون بكاتەوە.
فیراس ساعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادیقون (عەسائیبی ئەهلی هەق) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، "لە سەردانەكەی ئەم دواییەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە قەیس خەزعەلی وتووە، ئەوە سێیەم جارە ئێمە سەردانت دەكەین، داوات لێدەكەین تۆش سەردانی هەولێر بكەیت، لە بەرامبەردا خەزعەلی بەڵێنیداوە بانگهێشتە قبوڵبكات لە دەرفەتێكی گونجاودا".
ئاماژەی بەوەکرد، "عەسائیبی ئەهلی هەق پەیوەندییەكی ستراتیجی هەیە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەوە شتێكی راگەیەندراوەو نایشارینەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئاماژەیان بەوەكردووە كە هەوڵی پەیوەندییەكی نوێ دەدەن لەگەڵ عەسائیب و بزووتنەوەی سادیقون، ئێمەش درەگامان كراوەیەو گفتوگۆ لەبارەی هۆكارەكانی دووریمان دەكەین لەماوەی رابردوودا".
رۆژی 24ی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەوە.
PM:03:48:04/06/2026
ئهم بابهته 416
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت