کەسوکاری ئەنفالکراوان داوا دەکەن عەجاج لە نوگرەسەلمان لەسێدارە بدرێت


وێستگەنیوز-

پارێزەری کەسوکاری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی عەجاج، رایگەیاند داوا لە وەزیری داد کراوە ، عەجاج ببرێتەوە بیابانی نوگرەسەلمان و لەوێ لەسێدارە بدرێت.

لەمبارەیەوە ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەسوکاری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی عەجاج، لە لێدوانێکیدا راگەیاند، "دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەوەی عەجاج کردوویەتی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتییە، بۆیە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. بەپێی ئەو بەڵگە حاشاهەڵنەگرانەی لەبەردەستدان، تەنانەت لە دادگەی پێداچوونەوەشدا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر بڕیارەکەدا نایەت."

وتیشی، وەک لایەنی پارێزەر داوایەکی فەرمی ئاراستەی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دەکەن، کە "عەجاج ببرێتەوە بیابانی نوگرەسەلمان و لەوێ لەسێدارە بدرێت؛ لەو شوێنەی کە ئەو هەموو تاوانە دڕندەییەی بەرامبەر بە کوردانی ئەنفالکراو تێدا کردووە."

عەجاج تکریتی، کە لە 31ی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، یەکێکە "دڕندەترین" ناوەکانی مێژووی ئەنفال. لە 7ـی ئەم مانگەدا، 26 شایەتحاڵ و رزگاربووی ئەنفال لەبەردەم دادگادا گەواهییان لەسەر تاوانەکانی دا و وردەکاریی ئەو نەهامەتیانەیان گێڕایەوە کە لە قەڵای نوگرە سەلمان بەسەریاندا هاتووە.

رۆژی 14ی ئایاری 2026، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ "عەجاج ئەحمەد حەردان زوعیتەر عوبەیدی" دەرکرد. بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگا عەجاج مەحکوم کراوە بە کوشتنی 1068 دەستبەسەرکراو لە رێگەی برسیکردن، تینوکردن و ئەشکەنجەدان تاوەکو رادەی مردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی خێزانەکان و منداڵەکانیان و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنانی دەستبەسەرکراو لە نوگرەسەلمان.


PM:05:35:22/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 24 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت