ئاوات عەلی: هەرێمی کوردستان پێویستی بەژێرخانێکی بەهێزی ئەکادیمی و زانستی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەدان سەرچاوەی ژەهر
وێستگەنیوز-
ئاوات عەلی، خوێندکاری دکتۆرا لە زانستی کیمیا لە زانکۆی ستۆکهۆڵم لە بابەتێکدا نووسیویەتی، "یەکێکی تر لە بابەتە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم کۆنفرانسە (کۆنفرانسی کۆمەڵەی ژەهرناسی و کیمیای ژینگەیی) لە شاری مایستریخت لە هۆڵەندا مادەی (پی فاس) (پۆلی فلۆرۆ ئەلکیک سەبستانسس)ە".
ئاماژەی بەوەکردووە، "پی فاس هەزاران مادەیی کیمیایی دروستکراوی پیشەسازین و لە ساڵی 1940ەوە لە زۆری پیشەسازییەکاندا بەکاردەهێنرێن و بۆ هەمیشە دەمێننەوەو لەناوناچن و شینابنەوەو ناگۆڕێن، بۆیە پێیان دەوترێت مادە کیمیاییە هەمیشەییەکان!".
ئاوات عەلی دەڵێت، "ئەم مادانە کە بەکاردەهێنرێن بۆ نمونە لە جلوبەرگ و کەرەستەی ناوماڵ و قاپ و قاچاغ و پەرداخی سەفەری و زۆر بابەتی تر، سیفاتی پاراستن لەئاو و گەرمی و چەوری دەبەخشێت بەکەرەستەکان، ئەم مادانە کاتێک دەچنە جەستەی مرۆڤەوە بۆ هەمیشە دەمێننەوە و کەڵەدەبن و دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی جگەر وگورچیلە و تێکچونی هۆرمۆنەکان و چەندین نەخۆشی تر!".
دەشڵێت، "ئیتر ئەو وەڵامەت لابێت بۆ نەخۆشییەکانی لاوازبونی غودەی دەرەقی و تێکچونی هۆرمۆنەکان بوون بە نەخۆشییەکی باو لەنێو کۆمەڵگەدا، شوشە و ئاسن سەلامەترینن بۆ بەکارهێنان بەتایبەت لە کەرەستەکانی ناوماڵ و چێشتخانە و ئامادەکردنی خۆراکدا".
ئاوات عەلی ئەوەشی وتوە، "هەرێمی کوردستان پێویستی بەژێرخانێکی بەهێزی ئەکادیمی و زانستی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەدان سەرچاوەی ژەهر لە ژیانی ڕۆژانی هاوڵاتییاندا، مەترسییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن و بێ زانست و زانستکاران و ژێرخانی بەهێزی زانستی هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بڕیاری دروست و چارەسەر بدات، دەیان ساڵە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەم شێوەیە کاردەکەن هێشتا سەرچاوەی ژەهرەکانیش کۆنترۆڵ نەکراون".
PM:01:16:20/05/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت