مەسرور بارزانی و ئەردۆغان جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە کردەوە
وێستگەنیوز-
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 9ی ئایاری 2026، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت ستایشی رۆڵی ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا ستایشی رۆڵی مەسرور بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا، هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا، لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست کە کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور.
پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، سەرۆکی حکومەت پشتگیریی بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و سەرۆک کۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە کردەوە.
PM:04:51:09/05/2026
ئهم بابهته 592
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت