بازرگانێكی سلێمانی دوای ئازادکردنی لە زیندان بۆ لاهور شێخ جەنگی: ناتوانم هاوڕێی نیوە ڕێگات بم


وێستگەنیوز_

هێمنی هادییە سوور، کە بازرگانێکی شاری سلێمانییە و لە چوارچێوەی رووداوەکانی لالەزاردا دەستگیرکرا، هەفتەی رابردوو ئازادکرا و دوای ئازادبوونی لە پەیامێکیدا بە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل دەڵێت: "ناتوانم هاوڕێی نیوە ڕێگات ببم."

هێمنی هادییە سوور لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "کاک لاهووری براو هاوڕێم، هیوادارم زۆر باش و ئارام بیت، ئەگەر هەڵە نەبم، لەوێ تەنها دیوارێک لەنێوانمان هەبوو، کەچی لەیەک بێ ئاگا بووین و زۆر لەیەکتر دوور بووین، سەرباری هەموو بارەکانی خۆم، پڕ بەدڵ یادم ئەکردیت!! هەرلەبەرئەوەش چەند جارێک داوای سەردانتم  لەزیندانەوانى هەردووکمان ئەکرد، بەڵام لەوەڵامدا بێدەنگییان  پێ ئەیام یان  زەردەخەنەو وشەی (بۆ؟)".

بەگوێرەی ئەم پەیامەی ئەم بازرگانە بێت، تەواوی ئەوانەی کە لە رووداوەکەی لالەزار دەستگیرکراون و دواتر ئازاد بوون، هیچیان 'مەرجی وازهێنان لە بەرەی گەل یاخود پشتگیرینەکردنی لاهوور شێخ جەنگی'ـیان بۆ دانەنراوە، وەک بەشێک لە میدیا و پەیجەکانی نزیک سەرۆکی بەرەی گەل ئاماژەیان پێداوە.

بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، ناوبراو لە ئێستادا شاری سلێمانی بەجێهێشتووە و لە شاری هەولێر نیشتەجێیە.

‎لە پەیامەکەیدا ئەو بازرگانە بۆ لاهور شێخ جەنگی نووسیوە: "ئەی هەڵگری زۆر لەسیفەتی دۆستانەو هەم سیفەتی کوردانە، ئێمە وەک کوڕانی هادییە سوور، لەسەر سفرەی باوکی خۆمان  پەروەردە بووین و کوڕی شاری سلێمانین، ئەمانەش سۆنگەو هەوێنن بۆ عەشقی نیشتمان، کوردایەتی، ئەمەک، هەڵوێست، نەبەزین و زۆری دیکە لەداب و نەریت.  هەر لەبەر ئەوە، ناتوانم هاوڕێی نیوە ڕێگات ببم و دەرکی خوای گەورە بەرنادەم، بەردەوام لەخزمەتییا ناوت ئەبەم،  لێی ئەپاڕێمەوە هەتا ئەو کاتەی  لەبەر ڕەوشتی بەرز، دڵی پاک، بەخشندەیی و دەستی واڵات، بگاتە هانات و پشتیوانی ئازادیت ببێت هەروەک چۆن پشتیوانم بوو.  تەنها  ئەمەش ڕێگای ڕاست و دروست و  كافييه ئەوکەخۆی بفەرموێت: { ومن يتوكل على الله فهو حسبه }".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 13ـی 10ـی 2025، سەرچاوەیەکی ئاگادار بەوێستگەنیوزی ڕاگەیاند، هەفتەی رابردوو 30 دەستگیرکراوی ڕووداوی شەوی 22ـی ئاب ئازاد کران.

سەرچاوە ئاگادارەکە وتی: ئازادکردنی ئەم دەستگیرکراوانە دوای لێکۆڵینەوەبوو لەکردارو ڕەفتارەکانیان لەکاتی ڕووداوەکەداو دەرکەوت ئەو 30 کەسە لەڕووداوەکەدا نەگلاون و تەقەیان نەکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، لەشەڕو پێکدادانەکانەکانی 22 ی ئابی لالەزاردا نزیکەی 200 چەکدار لەپێکدادانێکی هێزە ئەمنیەکانی پارێزگای سلێمانی و چەکدارانی سەر بەلاهور شێخ جەنگی دەستگیرکران. 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو 30 کەسە لەماوەی هەفتەی ڕابردوو ئازادکران، لەلێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت تەقەیان نەکردووەو بەشێکیان چەکەکانیان یەکسەر داناوە یان هەندێکیشیان چەکیان پێنەبووەو هەر لەوێ بوون. 

ئازادکراوەکان سەرجەمیان پیاون، لەڕۆژی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە ژنەکانیان یەکسەر ئازاد کرد.


PM:12:14:13/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 3300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو