مەسعود بارزانی: ئامادەین بەپێی دەستوور هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ یەكشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتی، بانگەشەی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر دەستی پێکرد.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتارێکدا رایگەیاند، دوای جەنگی جیهانی یەکەم کاتێک دەوڵەتی عێراق دامەزرا، لەسەر بنەمای هاوبەشی نێوان کورد و عەرەب دامەزرا. ئەمەش دوای رێککەوتنی لۆزان روویدا و تەنها مافی بڕیاردان بە باشووری کوردستان درا کە ئایا لەگەڵ عێراق بن یاخود نا، ئەوکات کورد دەنگی دا کە لەگەڵ عێراق بمێننەوە بە مەرجی ئەوەی هاوبەش بن، بەڵام بەداخەوە دواتر ئێمە مافی هاوڵاتیبوونیشمان نەما و هاوبەشی ئێمە بوو بە ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی دێهاتمان. 

مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەین بەپێی دەستوور ، هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، لە هەر کوێش ئێمە هەڵەمان کردبێت، دەبێت بەخۆماندا بچینەوە. 

دووپاتیشی کردەوە کە، هەتا ئێستا دادگای فیدراڵی وەک ئەوە نییە کە لە دەستووردا هاتووە، دەبێت ئەمەش چارەسەر بکرێت و چیتر خەڵکی بەناوی یاساوە توشی کێشە نەبن. 

دەقی قسەکانی مەسعود بارزانی: 

خۆم زۆر زۆر بە بەختەوەر دەزانم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە کۆدەبمەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق. هەموو هەڵبژاردنێک گرنگە، لەبەر ئەوە ناتوانم بڵێم ئەم هەڵبژاردنە زۆر زۆر گرنگە، هەر هەڵبژاردنێک لە هەلومەرجێکی جیاوازدا دێت.

من بیستوومە کە بەشێکی زۆر لە خوشک و برایانی عەرەب و تورکمان لە چوارچێوەی لیستی 275 ـی پارتیدان، بۆیە دەمەوێت خۆشحاڵی زۆری خۆم دەرببڕم، ئەو بوونەی ئەوان گەشە بە بنەماکانی حزب دەدات و گەشە بە هێزی حزب دەدات، نەهجی ڕاستی پارتی دیموکراتی کوردستان نیشان دەدات.

بوونی ئێوە لەو لیستە، هێزێکی دیکە زیاد دەکات لە هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمووتان ڕادەسپێرم کە یەک دەست کار بکەن بۆ بەرگرییکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و مافی هەر تاکێکی عێراقی، خۆتان بە نوێنەرێک بزانن بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق نەوەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان. بەداخەوە دوای 2003 نانی ئەنفالکراوان و کیمیابارانیش بڕدرا لە بری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان.

هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە هەلێکی دیکە بهێنێتە پێش و دووبارە نەبنەوە،سەرەڕای هەموو ئەو ستەمانە، خەڵک مەردانە وەستان و خۆیان نەچەماند و بەرگریان لە مافی خۆیان کرد. هەر دەرفەتێک هاتبێتە پێش بە درێژایی مێژوو، لەدەستمان نەداوە و گفتوگۆی ئاشتیمان کردووە، بەڵام بەداخەوە بڕوایان بە ماف و پێکەوەژیان و دیموکراسی نەبوو. لە شۆڕشی ئەیلوولەوە پارتی وتویەتی بەبێ دیموکراتی هیچ لایەک ناتوانن بژین و مافەکانیان دەستبەر ببن.

لە ساڵی 1991، دوو فەیلەقی سوپای عێراق تەسلیم بوون کە هەر ئەوان ئەنفالیان کردین، بەڵام ئازاری کەسمان نەدا و ئازادمان کردن، ئەمە وای کرد من شانازی بە کورد بوونی خۆمەوە بکەم زیاتر لە جاران. 

ساڵی 2003 دەرفەتی زێڕین بوو، بەعس رووخا و ئێمە بە نیەتێکی پاک چووینە بەغدا بۆ ئەوەی عێراقێکی نوێ دامەزرێنین لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان؛ بە هەموو توانایەکمان هەوڵماندا تا ئەو عێراقە دروست ببێت، تا گەیشتە ئەوەی ساڵی 2005 دەستوور بنوسرێتەوە و کەس بەقەد ئێمە ماندوو نەبوو پێوەی. ئێمە ئەوکات وتمان دەستوور هەموو داوای ئێمە جێبەجێ ناکات، بەڵام تا ئاستێکی زۆر باشە و مافەکانمان دەستەبەر دەکات، لایەنی ئەرێنی زۆر لە نەرێنی باشترە، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە، زۆر گرفتی نێوان ئێمە و بەغدا ڕوویان نەدەدا، بەڵام بەداخەوە پێوەی پابەند نەبوون.

هەرچەندە ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پێدەکرێت نا یەکسانە و سنووردار کراوە، لەبەر ئەوە ئومێدەوارین ئەم یاسایە لە داهاتوودا بگۆڕدرێت، دەمەوێ بۆ ئەو کەسانەی لە بەغدا دژی هەرێمی کوردستان بوون و کێبڕکێیان دەکرد کە ئایا کێ زیاتر ئازێتی کورد دەدات، بەبیریان دەهێنمەوە کە چەند بڕگەیەک هەیە لە دەستوور با بیخوێننەوە ئەوکات دەزانن کە هەرێم چەند غەدری لێکراوە. 

ماددەی یەکەمی دەستور دەڵێت: عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە نەک مەرکەزی، دەوڵەتی مەرکەزی دوای 2003 نەما بەگوێرەی رێککەوتنەکان، هەر رەفتارێکیش مەرکەزی بێت نادەستوورییە.

ماددەی سێ دەڵێت: عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوە، ئایین و مەزهەبن، واتای ئەوەیە کە بەیەک پێکهاتە عێراق بەڕێوە ناچێت و دەبێت هەمووی هاوبەش بن. 

زۆر باسی بابەتی نەوت و غاز دەکرێت، ئێمە زیاتر لە هەفتەیەک گفتوگۆمان کردووە لەسەر ئەم بابەتە، ماددەی 111 دەڵێت: "نەوت و غاز موڵکی هەموو گەلی عیراقە لە هەموو پارێزگا و هەرێمەکان." ئێمە هیچ خیلافمان لەسەر ئەم ماددەیە نییە. ماددەی 112ش دەڵێت: بە رێککەوتن یاخود بە یەکەوە داهاتی نەوت و بەرهەمەکانی بۆ هەموو خەڵک دەبێت، رێککەوتین بەیەکەوە بێت و هەرێم پێشێلکاری نەکردووە.

هەروەها ماددەی 115 و 121 کە باسی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات بەڵام جێبەجێ نەکراون. 

ئێمە شوباتی 2007 گەیشتینە رێککەوتنێک لەسەر یاسای نەوت و غاز و لە پیرمام چەندین کۆبوونەوەمان کرد لەگەڵ هەرێم، وەفدی فیدراڵ و چەندین وڵاتی دیکە وەک ئەمریکا و بەریتانیا. یاساکە گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەلام وەزیرێک وتبووی کورد نازانێت جیاوازی نێوان نەوت و ئاو بکات، ئێمە بۆ خۆمان توش بکەین، بەو هۆیەوە یاساکە جێبەجێ نەکرا. 

هیوادارم رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغدا، جێبەجێ بکرێت، هەرگیزیش شیکردنەوەی هەڵە بۆ دەستوور شایەنی قبوڵ نییە. 

سەبارەت بە ماددەی 140، هەتا ئێستا بەغدا خۆی لێدزیوەتەوە، بەڵام هەردەبێت بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرێت و چیتر نەوەکانی داهاتوو توشی ئەم کێشانە نەبن، خوداش قبوڵ ناکات ژیانیان بەس ئەم کێشانە بێت.

هەتا ئێستا دادگای فیدراڵی وەک ئەوە نییە کە لە دەستووردا هاتووە، دەبێت ئەمەش چارەسەر بکرێت و چیتر خەڵکی بەناوی یاساوە توشی کێشە نەبن. 

ئێستا دەیڵێمەوە، ئامادەین بەپێی دەستوور ، هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، لە هەر کوێش ئێمە هەڵەمان کردبێت، دەبێت بەخۆماندا بچینەوە. 


PM:04:38:12/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو