فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی ئاگاداردەکاتەوە


وێستگەنیوز-

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێک بن و بیانەوێت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنیان بۆ وڵاتی تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ رۆژەیان پێ دەدرێت.


ئەمڕۆ شەممە 14ی حوزەیرانی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت لە فەرمانگە و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ لایەنە فەرمی و پەیوەندیدارەکانی تورکیا، لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووین بۆ ئەوەی بە رێگەی وشکایی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان بکرێ بە تایبەت ئەوانەی ڤیزایان نییە".

ئاماژە بەوەکراوە، "لە قوناغی یەکەمی ئەم پرۆسەیەدا، توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی 300 هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، ئەمڕۆش 50 کەس بە هەماهەنگی و هاوکاری سەرپەرشت و بەڕپرسانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل - خابوور دەربازی هەرێمی کوردستان بوون و تا شاری هەولێر پاسیان بۆ دابین کرا".

فەرمانگەکە دەشڵێت، "بە سوپاسەوە لەڕێگەی کونسوڵگەری گشتیی تورکیا لە شاری هەولێر، ئاگادار کراینەوە، کە هەموو هاووڵاتییەکی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێک بێت و بیەوێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنی بۆ تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ ڕۆژەی پێ دەدرێت".


PM:09:42:14/06/2025


ئه‌م بابه‌ته 1484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت