"ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە تای خوێنبەربوون و وشکەساڵی لە ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێت"


وێستگەنیوز_

بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و تەندروستی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی دوو پرسەوە کرا؛ ئەوانیش ڕێگریکردن لە تای خوێنبەربوون و ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی بوو.

پاش کۆبوونەوەکە ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکانی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون و بابەتەکانی وشکەساڵی کاریگەریی و لێکەوتەکانی کرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دران:

-هەڵمەتێکی هۆشیاریی فراوان لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاند و سۆشیال میدیا و مینبەری مزگەوتەکان ناوەندە ئاینییەکان و ڕۆشنبیرییە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێتەوە بۆ چۆنیەتی خۆپارێزیی لە پەتای تای خوێنبەربوون و پاراستنی تەندروستی گشتی و بەفیرۆنەدانی ئاو و زێدەڕۆینەکردنی لە بەکارهێنانی.

-لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێدراون بە چاودێری کردنی سەرچاوەی هێنانی ئاژەڵ و بەرهەمەکانی دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، کە پێویستە لەو ناچانە بن سەلامەتن و حاڵەتەکانی تایخوێبەربوونی تیا بڵاو نەبووەتەوە.

-ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە تای خوێنبەربوون و وشکەساڵی لە ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێت، لێژنەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ چاودێری شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵ و مەیدانی فرۆشتنی ئاژەلان دەکەن، کە پێویستە سەربڕینی ئاژەڵەکان تەنیا لە کوشتارگە فەرمییەکان بێت.

- سەبارەت بە وشکەساڵی بڕیاردراوە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ پتەوکردنی ژێرخان و پشتبەستن بەسێکتەرە ناوخۆییەکان بۆ چارەکردنی وشکەساڵی و ئیدارەدانی دۆسیەکانی ئاو و ئاودێری.

-ئامادەکردنی پلانێکی پێشوەختە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی و لێکەوتەکانی وشکەساڵی و کەمکردنەوەی ئەو زەرەر زیانانەی کە بەرکەرتی کشتوکاڵ دەکەوێت، هەروەها هەڵسەنگاندنی پێویست بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە و گەرتنە بەری هەنگاوی دروست.

-پارێزگار و سەرپەرشتی ئیدارە سەربەخۆکان و لیژنە تایبەتەکان ڕاسپێرردراون هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆ و زێرابەکان بۆ ئاودانی سەوزە و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان. 

-بەمەبەستی پاراستنی سامانی ژێر زەوی، پێویستە ڕێگری بکرێت لە لێدانی بیر، تەنیا لە حاڵەتە زۆر پێوستەکان نەبێت، ئەویش بەڕێگەی فەرمی. 


PM:12:40:14/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو