سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: له‌ هه‌وڵداین بۆ گێڕانه‌وه‌ی كورسی پێكهاته‌كان بۆ په‌رله‌مان

‌دڵشاد شه‌هاب، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی گۆڕانكاری له‌ كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێم پشتڕاستكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێت مافی پێكهاته‌كان بۆ ناو په‌رله‌مان بگه‌ڕێنینه‌وه‌".


دڵشاد شه‌هاب، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت كه‌ "به‌لای هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ گه‌ره‌نتی به‌شداریكردنی پێكهاته‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گرنگه‌، ئاراسته‌یه‌كی دروست هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه‌. دوای ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی و لابردنی كورسی پێكهاته‌كان، پێكهاته‌كان لیستیان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌هه‌وڵدایه‌ ئه‌و مافه‌یان بۆ بگێڕدرێته‌وه‌".

ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایه‌كی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كلایی كرده‌وه‌. ئه‌نجامی سكاڵاكه‌ لابردنی كورسی پێكهاته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ 111 كورسییه‌وه‌ بۆ 100 كورسی لێكه‌وته‌وه‌ و شێوازی هه‌ڵبژاردنیشی له‌ یه‌ك بازنه‌ییه‌وه‌ بۆ چوار بازنه‌یی گۆڕی.

هه‌فته‌ی ڕابردووش شیرین فواد مه‌عسوم، كادری پێشكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرایكرد كه‌ "بڕیاره‌ كورسی كۆتاكان به‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان".

كادیره‌ پێشكه‌وتووه‌كه‌ی پارتی ڕۆژی 24ی مانگی چواری 2024 ڕایگه‌یاند گۆڕانكارییه‌كه‌ له‌ ژێر فشاری نێوده‌وڵه‌تیدایه‌ و وتی: "وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئه‌مریكا به‌ فه‌رمی و نافه‌رمی هۆشدارییان داوا بۆ كورسی كۆتای مه‌سیحییه‌كان، هه‌روه‌ها توركیاش ئه‌و په‌یامه‌ی له‌باره‌ی توركمانه‌كانه‌وه‌ گه‌یاند".

تا ئێستا ڕوون نییه‌ لێكه‌وته‌كانی گێڕانه‌وه‌ی كورسییه‌كانی پێكهاته‌كات له‌سه‌ر دادگای فیدراڵی عێراق چی ده‌بن و بڕیارێكی وه‌ها چۆن ده‌بێت، به‌و پێیه‌ی بڕیاره‌كانی دادگاكه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌ كۆتایین و شیانی تانه‌ لێدان نین.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی پشتڕاستنه‌كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی كورسییه‌كان دراوه‌ دوای سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوودا.

دڵشاد شه‌هاب ده‌ڵێت: "جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان گفتووگۆی كرد، هه‌موویان تێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ و به‌ مافی پێكهاته‌كانی ده‌زانن. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌سه‌ر هێڵه‌ و پێشنیاریان بۆ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌ و له‌ گفتووگۆداین له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌كه‌، ئومێده‌وارین بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر".

بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی عێراق نیگه‌رانییان لای پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووه‌ و ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا بكات، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ڕۆژی 10ی مانگی شه‌ش ئه‌نجامبدرێت.

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونیكرده‌وه‌، په‌رله‌مانی كوردستان كارا نییه‌ و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم نه‌ماوه‌ و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، بۆیه‌ پێویستیان به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "هه‌مان ئاراسته‌مان هه‌یه‌ و ده‌مانه‌وێت بۆ هه‌ڵبژاردن ڕاوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بكه‌ین، ده‌مانه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداربن و گه‌ره‌نتی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو بكه‌ین، ئه‌مه‌ ئامانجی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌ و چی پێویستبكات ئه‌نجامی ده‌ده‌ین و ئاراسته‌كه‌شمان ڕێچكه‌ی باشی وه‌رگرتووه‌".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هێڵی گه‌رمی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ و بۆ هه‌ر پرسێكی ناوخۆیی گفتووگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین. لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كانی عێراقیش به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی باشیان بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌یه‌، سه‌ردانه‌كه‌ بۆ زامنكردنی مافه‌ ده‌ستوریی و یاسایی و داراییه‌كانی هه‌رێم گرنگه‌، گرنگیشه‌ بۆ به‌شداری كاریگه‌ری هه‌رێم له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق."

دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌ بڕیاره‌كانی ڕۆژی 21ی مانگی چواری 2024 هاوكات سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ندكرد به‌چه‌ندین بڕیاری كارگێڕی و دارایی بۆ دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم.

دڵشاد شه‌هاب له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "مه‌بده‌ئی جێگیر لای لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌رده‌وام بێت، هه‌ندێك ورده‌كاری هونه‌ری په‌یوه‌ندیدار به‌ مه‌سه‌له‌ی به‌ بانكیكردنی مووچه‌ و بڕیاری دادگا هه‌ن، ده‌بێت ئه‌م پرسانه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌".

هه‌روه‌ها وتیشی، "له‌ كاتێكدا سه‌رۆكی هه‌رێم ئێستا سه‌رقاڵی گفتووگۆیه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، وه‌فدێكی هونه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ورده‌كارییه‌كان له‌به‌غدایه‌ و گفتووگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م پرسه‌كان. چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كان ئاراسته‌یه‌كی دروستیان وه‌رگرتووه‌ و لێكتێگه‌یشتنی باش هه‌ن و چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ئه‌رێنی ده‌كه‌ین".

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیری له‌ ڕێوشوێنه‌ داراییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی "هه‌ژماری من" ده‌كات، له‌كاتێكدا حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت مووچه‌ له‌ ڕێگه‌ی بانكه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ بكات، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و پرسانه‌ی هێشتا له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا گفتووگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.

دڵشاد شه‌هاب، رایگه‌یاند كه‌ "گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ به‌ گه‌ره‌نتییه‌وه‌ بگاته‌ ده‌ست هه‌موو مووچه‌خۆرێك له‌ ڕێگه‌ی بانكه‌وه‌، ئه‌و بانكانه‌ی به‌شداری ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ن لای بانكی ناوه‌ندی و وه‌زاره‌تی دارایی عێراق جێگه‌ی متمانه‌ن، بۆ ورده‌كارییه‌ ته‌كنیكییه‌كان ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام".






PM:08:48:29/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 2108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت