به‌رگری شارستانی هه‌ولێر په‌یوه‌ست به‌ دروستبوونی لافاو چه‌ند رێنماییه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

‌‌دیمەنی لافاوێکی پێشووی هەولێر

وێستگه‌نیوز-
به‌رگری سارستانی هه‌ولێر له‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی لافاودا چه‌ند رێنماییه‌ك بۆ هاوڵاتیان بڵاوده‌كاته‌وه‌ و داوا ده‌كات رێنماییه‌كان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30 تشرینی یه‌كه‌م، به‌رگری شارستانی هه‌ولێر له‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی لافاودا چه‌ند رێنماییه‌كی بۆ هاوڵاتیان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند:

یه‌كه‌م: پێش روودانی لافاو هاونیشتمانییان ده‌فره‌كانیان پڕ بكه‌ن له‌ ئاوی پاك، بۆ حاڵه‌تی پیسبوونی ئاوی خواردنه‌وه‌.

دووه‌م: هاوكات پێش ئه‌وه‌ی لافاو رووبدات شته‌ به‌نرخه‌كان له‌ شوێنێكی به‌رز دابنێن و رێگه‌ی چۆڵكردن دیاری بكه‌ن و كه‌ره‌سته‌ی فریاگوزاریی سه‌ره‌تایی له‌ نزیك خۆیان دابنێن.

سێیه‌م: خواردن، ئاو و جلوبه‌رگ له‌ شوێنێكی پارێزراو دابنێن و به‌ڵگه‌نامه‌ گرنگه‌كان له‌ كیسه‌یه‌كی نایلۆندا هه‌ڵبگرن نه‌وه‌ك به‌ ئاو له‌ناوبچن.

چواره‌م: هاونیشتمانییان رادیۆ به‌كاربێنن بۆ فێربوون ده‌رباره‌ی پلانی چۆڵكردن یان كرداره‌كانی تر، هه‌روه‌ها كاره‌با بكوژێننه‌وه‌ ئاو به‌كارنه‌هێنن.

پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر پێویست بوو ماڵ به‌جێبهێڵه‌ و ته‌له‌ڤزیۆن یان رادیۆكه‌ت به‌ داگیرساوی بهێڵه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی نوێترین زانیاری.

شه‌شه‌م:  له‌ هێڵه‌كانی كاره‌با نزیك نه‌بنه‌وه‌ و شوێنێكی پارێزراو بدۆزنه‌وه‌ وه‌ك قوتابخانه‌ یان كڵێسا و ئه‌گه‌ر چوویت بۆ شوێنێكی تر، شته‌ پێویسته‌كان له‌گه‌ڵ خۆت ببه‌.

حه‌وته‌م: هاونیشتمانییان له‌ دوای لافاو نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ تاوه‌كو ده‌سه‌ڵاتداران رێگه‌یان پێده‌ده‌ن.

هه‌شته‌م: نزیك مه‌بنه‌وه‌ له‌ شوێنه‌ زیان پێگه‌یشتووه‌كان و پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ شله‌ ڕژاوه‌كانی وه‌ك ده‌رمان، مادده‌ی گڕگرتوو یان ژه‌هراوی خاوێن بكه‌یته‌وه‌.

نۆیه‌م: ده‌ست له‌ كێبڵی كاره‌با نه‌ده‌ن و خواردنی پیس نه‌خۆن و كه‌سی برینداریش له‌ شوێنی خۆی نه‌جوڵێن.

ئه‌م ڕێنماییه‌نای به‌رگری ژشارستانی هه‌ولێر بۆ هاوڵاتیان له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ محه‌ممه‌د كه‌مال، شاره‌زای كه‌شناسی رایگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ تایبه‌تی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، شه‌پۆلێكی بارانبارین هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌.

ده‌شڵێت: "یه‌كشه‌ممه‌، بارانی سه‌رتاسه‌ری باش ده‌بارێت، به‌تایبه‌ت له‌ سنووری هه‌ولێر، سلێمانی و گه‌رمیان، رێژه‌ی بارین زیاتر ده‌بێت و هه‌وره‌برووسكه‌ی تووندیشی له‌گه‌ڵدا ده‌بێت، هه‌روه‌ها مه‌ترسیی لافاو و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاوی لێ ده‌كرێت."
 


PM:05:00:30/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 2844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو