بكوژی خواناس: لەسەر باوەڕ خواناسم کوشت
وێستگه نیوزـ
ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی دانیشتنی دادگا بوو سەبارەت بە تاوانی تیرۆرکردنی خواناس وریا کە لە 22ی 6ی 2023 لە ناو بازاڕی چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستدا، وەک ئامادەبووانی دادگاییەکە دەگێرنەوە، بکوژ لە وتەکانی ئەمرۆیدا وتویەتی: "من لەسەر باوەڕ کوشتم و تەواو. کوشتم من کوشتم...."
بههار مونزیر، بهرێوهبهری رێكخراوی خهڵك بۆ گهشهپێدان (PDO) سهبارهت رهوشی دادگاییهكهی ئهمڕۆ ئاشكرایكرد كه دانیشتنهكه بە ئامادەبوونی خێزان و کەسوکاری وریا و 5 پارێزەر و ڕێکخراوەکان و داکۆکیکاران لە ماف و ئازادی لە کوردستان لە دادگای تاوانەکانی 3ی دادگای شاری سلێمانی بەڕێوە چووه.
له دانیشتنهكهدا، وهك بههار مونزیر باسی دهكات، وتەی تۆمەتبار وەرگیراوهو دادگا چەندین پرسیاری سەبارەت بە تاوانەکە لێكرد، لهو وهڵامیشدا بکوژ 23 جار وتی: "من مەلا فڵان هانی نەداوم و هیچ کەس هانی نەداوم بۆ ئەم کوشتنە تەنها خۆم بووم، بەتەنها بیرم لێکردۆتەوە و بەتەنها تاوانەکەم ئەنجامداوە".
بههار مونزیر باس لهوه دهكات كه له دانیشتنهكهی ئهمڕۆدا پرسیاری داواکاری گشتی و پارێزەرە خۆبەخشەکانی ڕێکخراوەکان وورد بوو، ئەم هەموو بابەتە لەگەڵ گریانی دایکی خواناس تێکەڵاو ببوو کە بکوژ باسی ووردەکاری کوشتنەكهی دهكرد و بە جوڵە و بە قسەکردنهكانی، شانۆیەکی بچوکی دروستکردبوو.
بههار مونزیر ئهم وردهكارییهی له ههژماری خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبوك بڵاوكردوهتهوهو نوسیویهتی: "ئێمە لەگەل دادپەروەریداین، هەمان کات نیگەرانین لە کاریگەری ئەو گوتارانەی بەم ڕۆژەی بردین، بە پێویستی دەزانین هەڵوێست هەبێت بەرامبەر بەم جۆرە لە کوشتن کە لە کودستان هەبوە بەڵام کەم بوە لە رابردوودا"، له كۆتاییشدا نوسیویهتی: "بەڵێ بکوژ وتی من لەسەر باوەڕ کوشتم و تەواو. کوشتم من کوشتم...."
خواناس وریا، گەنجە بەهەرەمەندەکەی چەمچەماڵ، هونەرمەند و شێوەکار و نوسەرو وەرزشوان، رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023 لەناو جەرگەی بازاڕی چەمچەماڵ، ناسیاوێکی گەنجی خۆی، کە لەسەر بیروڕای ئاینی لەگەڵیدا ناگونجێت، لە ماتۆڕەکەی دادەبەزێت و بەسەرێکی ساردەوە شەش فیشەکەی پێوە دەنێت و دەیکوژێت و دواتر سواری ماتۆڕەکەی دەبێتەوەو هەڵدێت.
پێشتر خواناس وریا لە سەر کوشتن له گرتەیەکی ڤیدیۆیدا وتبوی: " هیچ تاوانێک بایی ئەوە نییە تۆ ڕۆح لە مرۆڤێک بسەنیتەوە و بیکوژیت"، بهڵام خۆی بووە قوربانی رێگای رەخنەی ئاینی و رۆحی لێ سەندرایەوە.
خواناس وریا گەنجێکی 25 ساڵەی چەمچەماڵە کوڕی باوکێکی نووسەرە، لە خێزانێکی رۆشنبیر لە دایکبووە، وەک خۆی لە هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی " هەموو سوپاسەکانم بۆ باوکمە، وریا گلی کە لە ساڵی 2005 کاتێک تەنها حەوت ساڵان بووم، دەرگای یەکەم کاری نواندنی بۆکردمەوە کە ڕێگایەک بوو بۆ هەموو سەرکەوتنەکانم".
خواناس وەک هونەرمەندێکی ئەو شارۆچکە پڕ جەنجاڵی و پشێوە لەو تەمەنە کەمەدا بە بەهرەیەکی زۆرەوە دەستی بەکاری هونەری کردووەو لە چەندان بابەتی هونەریدا بەشداریکردووەو، چەندان خەڵاتی وەرگرتووە، هاوکات لەگەڵ کاری نواندندا شێوەکار و نوسەریش بووە، لەبواری وەرزیشدا پاڵەوانی کۆنفۆ و شاوڵین بووە، ئەو کە تەمەنی 25 ساڵ بوو، خێزاندار بووهو منداڵێکی دوو ساڵانی هەیە.
وەک باوکی وریا گلی ئاماژەی بۆ كرد، لەبەر بێکاری و وەک زۆرێک لە گەنجەکانی ئەو دەڤەرە و هەرێم، رووی لە وڵاتی ئیمارات کردبوو بۆ کارکردن، دوور رۆژ پێش رووداوەکە گەڕاوەتەوە شارەکەی و پێش كوشتنهكهی لەگەڵ هاوڕێکانی سەرقاڵی پرۆڤە بووە بۆ کارێکی هونەری نوێ، دوای تەواوبوونی پرۆڤەکەی بۆ ماوەیەکی کەم لە هاورێکانی دوورکەوتوهتەوەو، ئەم گەنجە توندڕەوەی کە ناسیویەتی لەناوجەرگەی شاردا بە چەند گولـلەیەک جەستەی گەرم و پڕ خولیاو هیوای خواناسی سارد کردهوە.
ئەو گەنجەی خواناسی " تیرۆر" کرد به ناوی ( ه ، ک ) لای هێزە ئەمنییەکان ناسراوەو بە بەرچاوی خەڵکەوە تاوانەکەی ئەنجامداوەو پیشەی پێشمەرگە بووه، بەڵام گەنجێکی توندڕەوی بیروڕا ئیسلامی بووە، لەسەری سەرەوەی واڵەکەشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیبووی" هەر کەسێ دوژمنی پێغەمبەر بێت، دوژمنمانە تا قیامەت ".
PM:03:18:29/04/2024
ئهم بابهته 13868
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت