‌یانەی بەرشەلۆنە سزایەکی سەیری عوسمان دیمبلی دا

وێستگە سپۆرت-

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی سزایەکی سەیری عوسمان دیمبلی فەرەنسی و یاریزانی لاوی یانەکەیدا ،کە نابێت لە مەودوا بە هیچ شێوەیەک موبایلەکەی دابخات یان بێدەنگی بکات.

بەهۆی ئەوەی چەند جارێک ئەو یاریزانە بە بێ هیچ بیانویەک لە راهێنانەکان دواکەوتووەو یانەکەش بە بڕی ٢٠٠ هەزار یۆرۆ سزایداوە، لە ئێستادا ئیدارەی یانەکەی رێگەی نوێ بەرامبەر بەو یاریزانە دەگرێتەبەر.

وێب سایتی مارکا  بڵاوی کردۆتەوە، یانەی بەرشەلۆنە بە عوسمان دیمبلی فەرەنسی راگەیاندووە کە نابێت چیتر موبایلەکەت دابخرێت و هەروەها بێدەنگیشی بکەیت، یانەکە لە پێناو ئەوە ئەم کارە دەکات تا ئەو یاریزانە لە راهێنانەکان دوانەکەوێت و لەئەگەری دواکەوتنیشی خێرا ئاگادار بکرێتەوەو لە لایەن هاوڕێکانیەوە تەلەفۆنی بۆ بکرێت.

رۆژنامەی مارکا دەشڵێت:"دیمبلی تەمەن ٢١ ساڵ خووی بە زنجیرە فیلمە تەلەفزیۆنیەکان و یارییە ڤیدیۆیەکان گرتووەو  تا کاتژمێرەکانی بەرەبەیان دەمێنێتەوەو ناخەوێت ئەمەش هۆکارە بۆ دواکەوتنی لە راهێنانەکان.

سەرەڕای ئەوەی یانەکەی سزایداوەو لە لایەن رۆژنامەکانیشەوە فشارێکی زۆری لەسەرە، بەڵام ئەمە کاری لە ئاستی ئەو یاریزانە نەکردووەو لە شەوی سێشەممەش جوانترین گۆڵی ئەم هەفتەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای کردو ئەمڕۆ یۆفا بە جوانترین گۆڵ دیاریکرد.


AM:11:25:15/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 3368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری