‌زانكۆی داگیركردووە یان ئێوە كەمترخەم و بێ‌ باك بوون؟

وێستگە سپۆرت-

جەلال سەعید

لە رۆژانی رابردوو گفتووگۆیەكی هەمە جۆر لە سەر نەبوونی پاركێكی تایبەت بۆ هاوڵاتیانی شاری سۆران و یاریگای وەرزشی لە تۆری كۆمەلایەتی فەیسبووك وەشێندران، هەر كەسە و بە ئاراستی چۆن باشە بۆ خۆی وای دەوەشاندو قسەو باسیان لێوە دەكرد.

یاریگاو هۆڵی وەرزشی دێلزیان لە رۆژی 6-6-2010 بە ئامادەبوونی كاك كرمانج قائیمقامی سۆران و دكتۆر مسلیح سەرۆكی زانكۆی سۆران و هەڵكەوت رەفعەت سەرۆكی یانەی سۆرانی ئەوكات و حەسەن محموودو بەندە جەلال سەعید لە سەر رەزامەندی و پشتگیری كاك كرمانج و واژووی بەرێزیان لە ژووری خۆی یاریگای دێلزیان و هۆڵی داخراوی وەرزشی بەگرێبەستێك بۆ ماوەی 20 ساڵ پێشكەش بە زانكۆی سۆران كرا، بەمەرجێك هەردوولا واتە یانە و زانكۆ سوود لە یاریگاو هۆڵەكە وەر بگرن، راستە زانكۆ كەمتر خەم بووە لە نۆژەن نەكردنەوی یاریگا و ئامادەكردنی، بەڵام كاتێك دەزگای سەرەكی ئەو شارە بەدواداچوون بۆ نۆژنكردنەوەی نەكات و خۆشی پشتگیری و واژووی لە پێدانی یاریگا و هۆڵ كردبێت بۆ زانكۆی سۆران، ئەوە كەمتەرخەمی بە پلە یەك بۆ خۆی دەگەرێتەوە، ئەی كاتێك یاریگا دروستكراو كۆتای بەكارەكانی هات، هەموومان دەزانین شایانی وەرگتن نەبوو، هەر بەو شێوەیە بوو كە ئێستا هەیە، بۆ وەرتانگرت؟

ئەگەر زانكۆ كەمتەرخەم و داگیركار بێت، ئەی یاریگای سەنتەری شاری سۆران كێ‌ لە بەرامبەری كەمتەر خەم بووە؟ كی خاوەنی نۆژكرنەوەی و ئامادەكردنی بووە؟ بۆچی بۆتە كاولگەیەكی نێو شار؟ بۆ چی بۆتە مەیدانی چوار تایەكان؟ بۆچی و چی و چی و دەیان چی؟؟؟؟

نەبوونی پارك و یاریگای وەرزشی تەندروست بۆ بەرێوەچوونی یارییەكانی فەرمی، بۆ كەمتەرخەمی بەرپرسانی ئیداری و حزبی شاری سۆران دەگەرێتەوە، دەكرێت پێم بلێن ئێوە چیتان پێشكەش بەگەنج و لاوان و وەرزشگارانی ئەو شارە كردوە؟ چیتان لە بیرو هزرە؟ بەرنامەتان بۆیان چی بووە؟ ئەگەر باس لە چاككردن و دروستكردنی چەند شەقام و رێگاو بانێك بكەن، دەڵێم: ئەو پارەیەی بۆ ئەو پرۆژانە دیاری كرابووە، بە گەنجێكی هەرزەكاریشتان بدابایە، باشترو رێكتر و پاكتر كارەكانی جێبەجێ دەكردن، بەڵام ئەوەی زانكۆ كردویەتی بە زۆرێك لە خەلكی دیكە ناكرێت و نەدەكرا چ وەك زانكۆیەكی پێشكەتوو لە كوردستان و عێراق چ وەك بەرزكردنەوەی ناوی سۆران و جوانكردنی لە دونیای زانست و شارستانیەت، لە هەمانكاتدا پێگەیاندنی كادری لێهاتوو و كۆكردنەوەی زۆرێك لە توانایەكانی دەڤەری سۆران لە نێو زانكۆدا بەشێكی دیكەی جوانی و خزمەتكردنی زانست هەڵگرانی دەڤەرەكەیە تاكو باشتر و گەورەتر خزمەت بە پێشكەوتنی زانستی دەڤەری سۆران بكەن.

سەبارەت بە نەبوونی پاركێك بۆ شاری سۆران بەبیانوی نەبوونی شوێن یان داگیركردنی، دەڵێم: بیرتانە لە 10ساڵی رابردوو زیاتر لە 5 جار باسم لە دروستكردنی پاركێك لەگەڵ ئێوە كردووە، ئەوكات رۆژئاوای چیای باپشتیان و نیوەی زیاتری سەر چیا بێ‌ كارو بێ‌ خاوەن بوو، ئێوە خاوەنی بوون، زیاتر لە پێنج جار بە ئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی و چەند برادەرێك داوام لێكردن كە پاركێك بۆ هاوڵاتیانی سۆران لە رۆژهەڵاتی چیای باپشتیان بەرامبەر رواندز و بێخاڵ دروست بكەن، تایبەت بێ‌ بە شارەوانی، هاتنەژوورەوەشی 1000 هەزار دینار وەربگرن بۆ ئەوەی ببێتە داهاتی پاسەوانان و خزمەتگوزەرانی پاركەكە، كەچی هەر بەلاتانەوە گرنگ و هیچ بایەخێكی نەبوو، دەیان جاریش باسم لە نۆژنكردنەوەی یاریگای سۆران لەگەڵ ئێوە كردوە و پێم راگەیاندوون شتَك بۆ وەرزش و لاوانی ئەو شارە بكەن كە هیچ باكتان بە قسەكانی من و لاوان و وەرزشكاران نەبوو.

ئەگەر لە پێناو دۆزینەوەی بیانۆ زانكۆ بە داگیركار ناو بهێنن، دڵنیام خۆتان باوەرتان بەو جۆرە بیانووە نییە...راستە دەلێن مرۆڤێك كەوتە نێو دەریا، هەوڵی دەدا خۆی بەداوەكانی بسكە جیایەكانی كەنار دەریا بگرێتەوە.


PM:06:16:17/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 1143 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری