یانەی هەولێر کلاسیکۆی کوردستانی لە دهۆک بردەوە و پێشەنگی ڕیزبەندی بەهێزترکرد.
وێستگە سپۆرت-
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە دهۆکی بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
شەوی ڕابردوو لە یارییەکانی گەڕی 12 ی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی هەولێر لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی دهۆک کرد.
لە تایمی یەکەمدا یاریزانانی هەولێر باشتر دەرکەوتن و کۆنترۆڵی تۆپ و یاریگایان کردبوو، وە چەند جارێکیش مەترسیان خستە سەر گۆڵی یانەی دهۆک بەڵام نەیانتوانی گۆڵی پێ تۆمار بکەن و سەرەنجام ئەو تایمە بەبێ گۆل کۆتایی هات.
لە سەرەتاکانی تایمی دووەم و ڕاهێنەراندا، ڕاهێنەری یانەی هەولێر، چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجام دا و توانی هێرشەکانی ئەنجامدار بکات، ئەوەبوو توانیان لە خولەکی 47 دا لە ڕێگەی مستەفا قابیل ەوە گۆڵی پێشکەوتن بۆ یانەی هەولێر تۆمار بکەن، بەڵام یانەی میوانیش دەستەوەستان نەبوون و دوای چەند هێرشێک بۆ سەر یانەی خاوەن یاریگا توانیان لە خولەکی 80 گۆڵی یەکسانبوونەوە لە ڕێگەی کەریم عەبدولدەروێشەوە تۆمار بکەن، بەڵام گڕوتینی یاریزانانی یانەی هەولێر بە جۆرێکبوو کە نەیانهێشت یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی بێت و لە کۆتا خولەکەکانی ئەو تایمە و لە کای زیادکراودا گۆڵی پێسکەوتنیان تۆمار کرد و سەرەنجام یانەی هەولێر بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی دهۆکی بردەوە.
بەو بردنەوەیەش یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 30 خاڵ پێشەنگی ڕیزبەندی بەهێزتر کرد و یانەی دهۆکیش 17 خاڵی هەیە و لە ڕیزبەندی نۆیەمی ڕیزبەندییەکەدایە.
AM:11:25:14/01/2026
ئهم بابهته 24
جار خوێنراوهتهوه