ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرخۆدان و بەرەڤانییەوە بۆ سەر مێزی دانوستان

‌بورهان شێخ ڕەئوف

ڕۆژئاوای کوردستان واتە باکووری سوریا لە چەند ساڵی ڕابردووی شۆڕشی خەڵکی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ ەوە پێگە و ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگی ھەبووە, ئەو خەڵکەی یان ئەو بەشەی کورد کە لەبن دەسەڵاتی دەوڵەتی  سوریادا بوون نەک ھەر مافی ئاسایی  ھاووڵاتی بوونی ئەو وڵاتەیان نەبوو بەڵکو بەشێکی زۆریان ناسنامەی سوریشیان پێنەدەدرا وا پیشانی دەرەوە دەدرا کە کەمینەیەکی زۆر کەمن و چەند سەد ھەزار کەسێکن بەڵام لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا دژ بە ڕژێمی ئەسەد دەرکەوت کە کوردی سوریا ملێۆنەھا خەڵکی تێکۆشەرن و دوای دەیان ساڵ نکووڵی کردن لە مافەکانیان زیاتر سووربوون لە سەر ناسنامە و مافەکانی خۆیان بەڵکو ڕق و کینە و تۆڵە لە فەرھەنگی ئەواندا نییە و بەڵکو جوانترین نموونەی پێکەوە ژیانیان لە گەڵ پێکھاتەکانی تری سوریادا پیشانی جیھان دا.

لە ئێستای بارودۆخی سوریادا و لە دوای ڕزگارکردنی ڕەقە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە لایەن ھێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ( ھەسەدە) کە ھێزێکن زۆرینەی کوردن و لە یەکینەکانی پاراستنی گەل پێکھاتوون و ئەمریکا پشتیوانییان لێدەکات، سەرەڕای ناڕەزایەتی و ڤیتۆی دەوڵەتی تورکیا لە سەریان لە دوای داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین لەلایەن تورکیا و گروپە وابەستەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سوریاوە و وەدەرنانی ھەموو تاقم گروپە تیرۆریستەکانی بەناو ئۆپۆزەسیۆنی سوریا کە سواری شەپۆلی بێزاری و داخوازییەکانی گەلی سوریا بوون، لە لایەن ھێزەکانی دەوڵەتی سوریاوە بە پشتیوانی ڕوسیا و ئێران ئێستا دۆخێکی نوێ لەو وڵاتە ھاتۆتە ئاراوە.

کورد چی بکات؟

ئەگەر چاوێک بە بەرنامەی ھەموو ئەو ھێزانەی ئۆپۆزەسیۆنی سوریادا بخشێنین کە ھەموو گروپ و تاقمی ئاینیی و مەزھەبین و ھیچ بەرنام ەو چارەسەرێکیان بۆ کێشەی کورد و پێکھاتکانی تری ئەو وڵاتە پێ نییە، بە تایبەتی ئەوانەی کە زۆربەیان وابەستەی تورکیان  و سیاسەتەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن و نکووڵی لە مافی کورد و ھەموو پێکھاتەکانی غەیرە عەرەب دەکەن , بۆیە ئەوەی لە ئێستادا سەردێڕی ھەواڵەکانە گفتوگۆ و دانوستانی نێوان کورد و حکومەتی سوریایە بە تایبەتی لە ساڵانی ڕابردووی شەڕی ناوخۆی سوریا ئەم ڕاستییە زیاتر بۆ ھەمووان وەدەرکەوت.

پێگەی کورد لە سوریا

بەشی زۆری ئەو ناوچانەی ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فورات لە بندەستی ھێزەکانی سوریای دیموکرتدان نزیکەی ٣٠% خاکی سوریایە و ھەروەھا ٩٠% نەوتی سوریا لە بندەستیاندایە جگە لە نیوەی غازی سروشتی و بەشێکی زۆری بەروبوومی کشتوکاڵ و دانەوێڵە و چەندین بەنداوی گرنگ، واتە کوردەکانی سوریا دووەم ھێزن لە دوای ھێزەکانی حکومەتی سوریا.

پێگەی ھێزەکانی دەوڵەتی سوریا

لە ئێستا بەشی زۆری ئەو ناوچانەی کە ڕژێم دوای ساڵی ٢٠١١ لە دەستی دابوون ئێستا پاکی کردووەتەوە لە تاقم و گروپە تیرۆریستییەکان، واتە ٦٠ % خاکی وڵاتی لە بندەستایە.

لەئاوا بارودۆخێکدا کە کورد خاکی بەدەستەوەیە و تا ڕادەیەکیش پشتیوانی دەرەکی ھەیە، واتە ئەمریکا، دووریش نییە ئەم دانوستانە بە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕووسەکانیش بووبێت، بۆیە دەکرێت کورد و بتوانێت میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ھەموو ئەو ناوچانەی کە ساڵانێکە ئەوان بە جوانترین شێوە بەڕێوەی دەبن کە نموونەیەکی جوانی کارگێڕی و پێکەوەژیانیان نمایش کرد کە دۆست و دوژمنەکانیشیان ناتوانێت نکووڵی لێ بکات.

ھەربۆیە لە دوای کۆتایی ھاتنی گەڕی دووەمی دانوستانەکان باس لە پێشووەچوونی باش دەکرێت لە گفتوگۆکاندا کە دەوڵەتێکی دیموکراسی نا سنتراڵ دابمەزرێت و چەندین کۆمیتە پێکھێنراوە لە سەرئاستی جیاواز بۆ پێشخستنی دانوستانەکان و دانانی میکانیزم و فۆرمی نوێ بۆ کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی کە گەلی سوریای بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە ماندوو و بێزار کردووە کە نەخشە ڕێگایەک دابنرێت بەرەو سوریاییەک کە دیموکرات و ناسنتراڵ.

بەھەرحاڵ وتووێژ و دانوستان و دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتن لە ئێستادا لە قازانجی کوردە و ئەوەی ڕوون و ئاشکراشە سوریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش ٢٠١١ بۆ سیستەمی یەک حزبی شمولی و تۆتالیتاری ڕووداوەکانی ھەشت ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەش ئەوەی  پیشانی جیھاندا کە ئەڵتەرنەتیفی ڕژێمی ئەسەد لەوەیە ھەر خۆی بێت کیِشە و ئاڵوزییەکانی پەیوەندی نێوان تورکیا و سوریاش خزمەت بەم پرسە دەکات.


AM:10:13:06/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 915 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی