چەند بڕیارێك لەژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە سەبارەت بەڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا


وێستگە نیوز-

ئێوارەی ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا دوای كۆبوونەوەیەك لە دیوانی پارێزگا، راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە ژووری ئۆپەراسیۆن بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن كۆبووەوە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:-

لەتێلیگرام وێستگە نیوز جۆین بكە

یەكەم: ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە پابەندبوون بە بەیانی ژمارە (7)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم بڕگەكانی، داوا لەهاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەكات، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا بن و (دەمامك)ببەستن، هەر هاوڵاتییەك ڕەچاووی بەستنی (دەمامك) و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەكات، ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە و بەپێی بڕگەی چواردەیەمی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان سزا دەدرێت.

دووەم: یاد‌ و بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی ئادار بەرز و پیرۆز رادەگیرین بەبێ ئەوەی هیچ گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەكی جەماوەری بەم بۆنانەوە ئەنجام بدرێت.

سێیەم: هەموو چالاكی و خولەكانی وەرزشیی و تۆپی پێ بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر لە یاریگاكان بەڕێوەدەچێت، هەر یانەیەكی وەرزشی و تیپێك، سەرپێچی ئەو بڕیارە بكات ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە.

چوارەم: هەموو ئەو شوێنانەی كە كراوەن، (مۆڵ، ماركێت، شوێنە بازرگانییەكان، بازاڕ، چێشتخانە)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن لەبەستنی (دەمامك، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەكردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لە مۆڵ و ماركێت و پێشوازی هۆتێل و مۆتێلەكان)، ‌هەرشوێنێك پابەند نەبێت بەتایبەتی بەستنی (دەمامك)، لێژنەی قائمقامیەتەكان، تیمەكانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەكان ڕاسپێردراون، دەستبەجێ شوێنەكە دادەخەن.

پێنجەم: داوا لەسەرجەم مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكارانی ئازیزی سنووری پارێزگاكەمان و كەس و كارەكانیان دەكەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خێزانەكانیان، لەكاتی چوونی ڕۆڵەكانییان بۆ قوتابخانە و خوێندنگاكان ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن و (دەمامك) ببەستن.

شەشەم: داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئاینی و یەكێتی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەكەین، هەروەك چۆن لە ڕابردوودا هاوكارمان بوونە، بەهەمانشێوە هاوكارمانبن بۆ هۆشیاركردنەوەی نوێژخوێنان كەپابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكانبن و بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە نوێژخوێنان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامك) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەكان و بردنی منداڵان بۆ ناو مزگەوت قەدەغەبكەن.

حەوتەم: سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەكەینەوە دەبێت (دەمامك) ببەستن، هەر فەرمانبەرێك لەكاتی دەوام (دەمامك) نەبەستبێت، رێكاری كارگێری لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاوڵاتییەك بۆی نییە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانی بەبێ بەستنی (دەمامك) بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەك.

هەشتەم: ئەم شوێنانە لەكاتژمێر 12ی شەو دادەخرێن:-

یانەكانی شەوانە، یانەكانی مەی خواردنەوە (باڕ)

نۆیەم: ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێننەوە:

(هۆڵەكانی بووك گواستنەوه، ئاهەنگی شەوانە، لایف موزیك لەیانە و هۆڵەكان، هەموو جۆرە گردبوونەوە و كۆنفرانس و كۆبوونەوەیەك)

دەیەم: پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنكەی پۆلیس و موختاری گەڕەك بەرپرسیارن، هەركەسێك پابەندنەبێت، ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و بەپێی بڕگەی حەوتەمی بەیانی ژمارە (7)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆ پێبژاردنی پێدەكرێت.

یازدەهەم: هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تایبەت، بارهەڵگر، كرێ) لەكاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەكانبن و خۆیان و سەرنشینەكانیان (دەمامك) ببەستن، هەر كەسێك سەرپێچی لەم بڕیارە بكات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر.

دوازدەهەم: خوانەخواستە ئەگەر هەر كاتێك بارودۆخەكە لەڕووی تەندروستییەوە ئاڵۆز بوو، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ، كۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست دەدات.

ئەم بڕیارانە لەكاتژمێر (12)ی ئەمشەو (24) لەسەر(25)ی2/2021، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.




PM:08:09:24/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 3816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو