وەزارەتی ئەوقاف لەرێگەی وێستگەنیوزەوە رونکردنەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی عەمرە دەدات

‌وەزارەتى ئەوقاف چاوەڕوانی رێنمایی و بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە

وێستگەنیوز-

هەرچەندە لەمانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سعودیە بەپێشمەرجی تەندروستییەوە پرۆسەی عەمرەی بۆ موسڵمانانی وڵاتەکەی و وڵاتانی جیهان دەستپێکردوەتەوە، بەڵام تائێستا لەعێراق و هەرێمی کوردستان بڕیار نەدراوە بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى عومرە و وەزارەتى ئەوقاف پەیوەست بەم بابەتە چاوەڕوانی رێنمایی و بڕیاری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هەرێمى کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی لە 28 شوباتی ساڵی رابردوەوە بەبڕیاری حکومەتی عێراق پرۆسەی عەمرە و سەردانیکردنی وڵاتی سعودیە راگیرا، لەئیستادا سعودیە بەچەند مەرجێک  پرۆسەی عەمرەی دەستپێکردوەتەوە و وەزارەتی ئەوقافیش چاوەڕوانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە بۆ ئەوەی بڕیاربدرێت هاوڵاتیان دەتوانن عەمرە ئەنجام بدەن یاخو نا.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی ئەوقاف بەپێشمەرجی تەندروستبوونی پرۆسەکە و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و دوای رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئامادەیە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی حەج دەستپێبکاتەوە.

مانگی شوباتی ساڵی رابردوو و دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و جیهان، حکومەتی سعودیە لەسەرەتای مانگی ئازارەوە پێدانی ڤیزەی بە هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات بۆ گەشتی عەمرە راگرت، هەروەها رێگری کرد لە بەڕێوەچونی مەراسیمەکە بۆ هاوڵاتیانی ناوخۆی وڵاتەکەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی.


AM:11:08:27/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت