هەوڵێکی کۆمارییەکان بۆ راگرتنی پرۆسەی لێپرسینەوە لەترەمپ رەتکرایەوە

‌دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا

وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی داواکارییەکی کۆمارییەکانی رەتکردەوە بۆ راگرتنی پرۆسەی لێپرسینەوە لەدۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی وڵاتەکەیان بەهۆکاری ئەوەی پرۆسەکە پێچەوانەی دەستورە.

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەدا ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا  بەزۆرینەی دەنگی 55 ئەندام و پشتیوانیکردنی 45 ئەندام، داواکارییەکی راند پۆڵ سیناتۆری کۆمارییەکانی رەتکردەوە کەبەهۆکاری ئەوەی پرۆسەکە پێچەوانەی دەستورە، داوایکردبوو پرۆسەی لێپرسینەوە لەدۆناڵد ترەمپ رابگیرێت.

دوێنێ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دۆسیەی  لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پیران کرد و رۆژی 8ی شوباتیش پرۆسەی لێپرسینەوەکە دەستپێدەکات.

میدیاکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ دیمەنی گەیشتنی 9 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بڵاوکردەوە کە هەڵسوڕێنەری پرۆسەی  لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپن، ئەو پەرلەمانتارانە دۆسییەکانیان گەیاندە ئەنجومەنی پیران و سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیان بەهاندانی توندوتیژی لەگردبوونەوەکەی 6ی ئەم مانگەی بەردەوام کۆنگرێس تۆمەتبارکردەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە چەک شومەر، سەرۆكی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەکرد، دوای ئامادەکردنی پەڕاو و رێکارەکان کەپێویستیانە بۆ پرۆسەی لێپرسینەوەکە، لەماوەی هەفتەیەکدا کەلە 8ی شوباتەوە دەستپێدەکات،  لێپرسینەوە لەدۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشو دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی ئەو وادەیەش بۆ ئەوەیە کەسی تۆمەتبارکراو و پارێزەرانی ترەمپ کاتی پێویستیان لەبەردەست بێت بۆ ئامادەکردنی بەڵگەکانیان.

13ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارێکی پەسەندکرد بۆ لێپرسینەوە لەدۆناڵد ترەمپ و تۆمەتی هاندانی توندوتیژی لەخۆپیشاندانەکەی رۆژی 6ی کانونی دوەمی دایە پاڵ، کەبوە هۆی کوژرانی 5 کەس و برینداربون دەیان کەسی دیکەش، بەوەش ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کەدوجار روبەڕوی لێپرسینەوە ببێتەوە.


AM:08:58:27/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت