لە فەرەنسا چەندین شوێن هەڕەشەی مایەپووچ بوونیان لەسەرە
فۆتۆ: گێتی
وێستگە نیوز- هێڤار هیوا
هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەستاندنی زۆربەی سێکتەرەکانی ژیان لە فەرەنسادا، بونەتە هەرەشەیەکی جدی لەسەر زۆربەی رێستۆرانت و یانە شەوانەییەکان و کەرتی گەشتیاری و لە مایەپووچ بوون نزیک بونەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگای ئینسی فەرەنسی تایبەت بە سەرژمێریە ئابووریەکان، لە پاش تێپەربوونی ساڵێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فەرەنسا، بەهۆی داخستنی زۆربەی شوێنەکان و قەدەغەی هاتووچۆ، بەشێکی زۆر لە رێستۆرانت و یانە شەوانەییەکان و کەرتی گەشتیاری هەرەشەی مایەپووچ بوونیان لەسەرە.
لە وڵاتی فەرەنسادا 168 هەزار رێستۆرانت و 39 هەزار باڕ و قاوەخانەی تێدایە، لە ئێستاشدا زۆربەی ئەو شوێنانە روبەرووی قەیرانێکی دارایی گەورە بوونەتەوە و بەرەو مایەپووچ بوون دەچن.
سەرژمێریەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی %75 ئەو شوێنانە لە ساڵی 2020دا داخراون و کۆی گشتی زیانە ئابووریەکانیان زیاتر بووە لە 30 ملیۆن یۆرۆ.
لە رووی کەرتی گەشتوگوزاریشەوە، فەرەنسا بە یەکەم وڵات دادەنرێت بۆ زۆری رێژەی گەشتیاران و تەنها لە ساڵی 2018 دا 90 هەزار گەشتیار سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە و 17 هەزار و 840 هۆتێل لە کارکردنی بەردەوامدا بوون.
لە بەرامبەردا لە ساڵی 2019، ئەم رێژەیە رووی لە کەمبوونەوە کردووە بەهۆی دروستبوونی خۆپیشاندانەکان و هێلەگ سەوزەکانی ئەو وڵاتەوە.
ئەوەی مۆتەکەی فەرەنسا و کەرتی گەشتیاری ئەو وڵاتە بوو لە ساڵی 2020دا، ئاشکراکردنی رێژەی گەشتیاران بوو کە تەنها 100 هەزار گەشتیار سەردانی ئەو وڵاتەیان کردبوو، هۆتێلەکانیش بە رێژەی %75 داهاتیان کەمی کردبوو کە دەگاتە نزیکەی 14 ملیۆن یۆرۆ.
هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە هەموو جیهاندا، بووە هۆکاری داخستنی سنووو و هێڵە ئاسمانییەکانی وڵاتان و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، ئەوەش هۆکاری سەرەکی بوو بۆ داڕمانی ئابووری زۆرێک لە وڵاتان و مایەپووچ بوونی سەدان هەزار کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهاندا.
PM:05:27:26/01/2021
ئهم بابهته 1388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت