شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ سێیەمجار کۆدەبنەوە

‌شەوی رابردو شاندی دانوستانکاری هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی شەوی رابردوی شاندی دانوستانکاری هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێم و چۆنیەتی مامەڵەکردن گەڵ دۆسیەی نەوت کۆبوونەوە، ئەمڕۆ سێشەممە جارێکی دیکە هەردوولا کۆدەبنەوە و شاندی هەرێم سەرەڕای رادەستکردنی ئاماری داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی، پێداگریشە لەسەر دەستکارینەکردنی پشکەکەی لەرەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەوێستگەنیوزی راگەیاند، لەکۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان شاندی دانوستانکاری هەرێم و لیژنەی دارایی باس لەهەردو برگەی 10 و 11ی پڕۆژەیاسای بودجە کراوە کەتایبەت بەچۆنیەتی رادەستکردنی نەوت و ناردنی پشکی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا دەخرێتەڕو بەوپێیەی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبکات و بەشێک لەئەندامانی لیژنەی داراییش داوایانکردوە هەرێم سەرجەم داهات و دۆسیەی نەوت رادەستبکات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەبارەی وادەی پەسەندکردنی بودجەش ئەوەی خستەڕو، ئەگەر پرسی پشکی هەرێم یەکلایی بکرێتەوە لەکۆتایی ئەم هەفتەیەدا پێداچونەوەی کۆتایی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 دەکرێت و رۆژی دووشەممەی داهاتوو 1ـی شوبات ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان.

پەیوەست بەم بابەتەش ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەتۆڕی راگەیاندنی عێراقی راگەیاندوە، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و لیژنەی دارایی سەرجەم داتا و زانیارییەکانی پەیوەست بەدۆسیەی نەوت و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێم خراونەتەڕو.

ئاماژەی بەوەشکردوە، شاندی هەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەری کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی، هەروەها شاندی هەرێم رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەو پێشنیازانەی حکومەتی فیدڕاڵ پەیوەست بەپشکی هەرێم لەبودجەدا پێشکەشکی کردوون.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، لەکۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەدا و دوای بۆچوونی حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر داتاکانی هەرێم پەیوەست بە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت، گومرگ و دەروازە سنورییەکان، هەردوولا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەدا پەسەند دەکەن.

سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکومەتی هەرێم دەبێتە بنەمایەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کەبڕیارە پێش مانگی شوبات دەنگی لەسەر بدرێت، بەجۆرێک سەردانی شاندەکەی هەرێم پرسی رێککەوتنی نێوان هەردوولا بۆ ساڵی 2021 یەکلایی دەکاتەوە و کاریگەریش لەسەر پرسی موچە و دۆخی دارایی کوردستان جێدەهێڵێت.

هـ.هـ


AM:11:36:26/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت