وردەکاری کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڵاوکرایەوە


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، شاندی دانوستانکاری هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە، لەکۆبوونەوەکەدا حکومەتی هەرێم داتای خەرجی و داهاتەکانی نەوت و داهاتی ناوخۆی خستوەتەڕو و پەرلەمانتارێکی عێراقیش رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە هەردولا جارێکی دیکە کۆدەبنەوە و رێککەوتنی کۆتایی ئەنجام دەدەن.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەتۆڕی راگەیاندنی عێراقی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و لیژنەی دارایی سەرجەم داتا و زانیارییەکانی پەیوەست بەدۆسیەی نەوت و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێم خراونەتەڕو.

ئاماژەی بەوەشکردوە، شاندی هەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەری کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی، هەروەها شاندی هەرێم رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەو پێشنیازانەی حکومەتی فیدڕاڵ پەیوەست بەپشکی هەرێم لەبودجەدا پێشکەشکی کردوون.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، لەکۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەدا و دوای بۆچوونی حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر داتاکانی هەرێم پەیوەست بە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت، گومرگ و دەروازە سنورییەکان، هەردوولا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەدا پەسەند دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەوێستگەنیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بووە، "چونکە هیچ بڕیارێکی تێدا نادرێت و کۆبوونەوەی فەرمی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئەوەش کە کۆبوونەوەکە راوێژکاری بووە ئەوەیە هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەی دارایی بەیاوەری محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی کوێتی کردوە، بۆیە ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی فەرمی دەکرێت.

هاوکات فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدا بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لەکۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی نێوان شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمان عێرق جەختکرایەوە لەوەی حکومەتی هەرێم پابەندە بەو ئەرکانەی لەپڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بۆی دەستنیشانکراوە.

پەیوەست بەپشکی هەرێمیش لەپڕۆژەیاسای بودجەدا ئەوەی خستەڕو، لەئێستادا پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی پرسی هەموارکردنەوەی مادەکانی لەبەردەستی لیژنەی داراییدایە و پێداچونەوەش بەزۆرینەی مادەکانی تەواوبووە تەنها پشكی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بودجەدا ماوە، ئامانجی کۆبونەوەکانی سبەی سێشەممەش بۆ ئەوەیە هەردولا بگەن لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بەجۆرێک ناوەڕۆکی پڕۆژەکە دەستکاری نەکرێت.

سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکومەتی هەرێم دەبێتە بنەمایەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجە کەبڕیارە پێش مانگی شوبات دەنگی لەسەر بدرێت، بەجۆرێک سەردانی شاندەکەی هەرێم پرسی رێککەوتنی نێوان هەردوولا بۆ ساڵی 2021 یەکلایی دەکاتەوە و کاریگەریش لەسەر پرسی موچە و دۆخی دارایی کوردستان جێدەهێڵێت.

هـ.هـ


AM:09:12:26/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 5860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت