شاسوار عەبدولواحید لەئەگەری بەردەوامی دۆخی ئێستای هەرێم، سێ سیناریۆ دەخاتەڕو

‌شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

وێستگەنیوز-

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، دۆخی خەڵکی کوردستان خراپە و دامودەزگای دەوڵەتی و  حکومی بوونیان نەماوە، بۆیە تاکە رێگە بۆ باشترکردنی دۆخی خەڵک رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و شەفافکردنی دۆسیەی نەوتە، بەپێچەوانەشەوە راپەڕینی جەماوەری، پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چاکسازی لەدۆخی هەرێم و دەستوەردانی سەربازی وڵاتانی دراوسێ سێ سیناریۆی پێشبینی کراون و "ئەم وەزعە وا ناچێتەسەر و تا سەر ئاوها بێدەنگی بەردەوام نابێت و ئێمەش  بێدەنگ نابین".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەپەیجی فەرمی خۆی لەفەیسبوک ئاماژەی بەوەکردوە، "وەزعی خەڵک خراپە، حکومەت و موئەسەساتمان نەماوە، هیج رێگایەک لەبەردەم یەکێتی و پارتیدا نییە جگە لە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد، شەفافکردنی مەلەفی نەوت،  نەهێشتنی کۆمپانیای حیزبی و وازهێنان لە باج و سەرانە سەندن لە لایەن کۆمپانیای حیزبی، وە کارکردن بۆ هەڵبژاردنی راستەقینە و بونی دامەزراوەی راستەقینە بۆ چاودێری دەسەڵات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "جگە لەم هەنگاوانە هیچ هەنگاو و رێگایەک تر نییە لەبەردەم یەکێتی و پارتی بۆ مانەوەیان و بەردەوامبونیان لە سیستەمی سیاسی هەرێم، بە پێچەوانەوە چارەنوسیان 16ی ئۆکتۆبەرێکی تر و پەیامی پشت فیلمە ئێرانیەکەیە".

پەیوەست دۆخی هەرێمی کوردستانیش لەئەگەری رێککنەکەوتن لەگەڵ بەغدا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەکردوە، ئەگەر هەنگاو بۆ باشترکردنی دۆخی خەڵک نەگیرێتەبەر دەسەڵاتداران "چارەنوسیان یان راپەرینی جەماوەرییە یان پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چاککردنی سیستەمی بەڕێوەبردنە لە هەرێم، یان هاتنی  سوپاسی بێگانەیە یاخود هاتنی سوپای عێراقییە بۆ ئەم ناوچانە ، جا ئەمرۆ بێت یان 10 ساڵی تر بێت یەکێک لەم چوار ئیحتیمالە رودەدات ئەگەر ئەم دەسەڵاتە کوردییە خۆی باش نەکات و لایەنی کەمی خزمەتگوازری و دیموکراسیەت فەراهەم نەکات. وە دڵنیا بن کە نامێنن لە حوکمڕاندا بەم شێوەیە".

لەبارەی ئەرکی نەوەی نوێش لەم قۆناغەدا باسی لەوەکردوە، "ئەوەی لەسەرمانە  ئێمە ئێستا دەیڵێین و ئاگادارتان دەکەینەوە، وە دەسەڵاتدارانیش ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە دانانیشین و بێ دەنگ نابین لەم دۆخ خراپییەی خەلک و ئەم بێ موچەییە و ئەم شکستە گەورەیەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی".

هـ.هـ


PM:10:07:25/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت