جۆبایدن وەك سەرۆكی نوێی ئەمەریكا سوێندی یاسایی خوارد


وێستگە نیوز-
ئێستا لەشاری واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا،  جۆبایدن، وەك سەرۆكی نوێی ئەمەریكا سوێندی یاسایی خوارد.

ئەمشەو كاتژژمێر 7.30 خولەك بەكاتی هەرێمی كوردستان، لەشاری واشنتۆنی ئەمەریكا، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆبایدن، سەرۆكی نوێی ئەمەریكا و كامالا هاریس، جێگری سەرۆكی دەستی پێكرد، ئەمەش دوای تەواوبونی ماوەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، لەڕێوڕەسمەكەدا دۆناڵد ترەمپ، ئامادە نییە، بەڵام مایك پێنسی جێگری ئامادەیە.

جۆبایدن دوای سوێندخواردنی وەك سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند "بەیەكەوەبووین لەڕادەستكردنی دەسەڵات، توندوتیژی دروستبوو، بەڵام بەیەكەوە رێگەمان نەدا، ئەو خەڵكانەی ئەو ساڵە كاریان لەدەستداوە لەمێژووی ئەمەریكا نەبووە، بەئومێدەوە دەڕوانینە داهاتوو، خەڵكی سپی پێست لەخەڵكانی دیكە زیاتر نین، رێگە لەتوندوتیژی خێزانی دەگرین".

 جۆبایدن..
جۆزێف ڕۆبینتی بایدن، لەڕۆژی 20ی تشرینی دووەمی 1942 لە شاری سكرانتۆن لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە دایكبووە.

ساڵی 1969 بووە بە پارێزەر و لە ساڵی 1970دا بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نیوكاسڵ هەڵبژێردرا، ساڵی 1972 بۆ ئەنجومەنی پیران هەڵبژێردرا، بووە شەشەمین سیناتۆری گەنج لە مێژووی ئەمریكادا.

بایدن شەش جار بۆ ئەنجومەنی پیران هەڵبژێردرایەوە، چوارەم سیناتۆر بوو كاتێك لە ساڵی 2009 دا دەستی لە كاركێشایەوە وەك جێگری سەرۆك كۆمار. 

ئەندامی پێشوو و سەرۆكی پێشووی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بووە و ئەو دژایەتی شەڕی كەنداوی 1991ی كرد.

ماوەی هەشت ساڵ جێگری باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمەریكا بووە.

رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 وەك كاندیدی حیزبی دیموكراتەكانی ئەمەریكا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا و كاندیدی حیزبی كۆمارییەكان بەشداری هەڵبژاردنی كرد و سەرەنجام توانی لە ترەمپ بباتەوە.

ئەمڕۆ 20ی كانوونی دووەمی 2021 وەك 46هەمین سەرۆكی ئەمەریكا دەستبەكار دەبێت.




PM:07:21:20/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو