راپۆرتێك: به‌غدا نیگه‌رانه‌ و ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جۆ بایدن پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بكات


وێستگه‌ نیوزـ

له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی خلوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری و یه‌شار گوله‌ر، سوپاسالاری توركیا بۆ به‌غدای پایته‌خت، شانده‌كه‌ی توركیا ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و‌ جومعه‌ عیناد، وزه‌یری به‌رگری كۆبوونه‌وه‌، دواتریش شانده‌كه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و چاویان به‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم كه‌وت، بڕیاریشه‌ به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا چاویان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌وێت.

سایتی مۆنتی كارلۆ پوخته‌ی راپۆرتێكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی عیراق بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا لیژنه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كانی حكومه‌تی به‌غدا و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ لایه‌نی عیراقی ده‌یه‌وێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشووی به‌غدا له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ رێگه‌ی داوه‌ سوپای توركیا له‌ قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ خاكی عیراقدا ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی دژی پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌نجام بدات.

سایته‌كه‌ به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ سیاسه‌ته‌كانی جۆ بایدن، سه‌رۆكی داهاتووی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی پشتیوانیكردن له‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی به‌غدای زۆر نیگه‌ران كردووه‌ و ئه‌وان ده‌ترسن له‌وه‌ی ئه‌مریكا دان به‌ ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ی 25ی ئه‌یلولی 2017 هه‌رێمدا بنێت، هه‌ربۆیه‌ به‌غدا ده‌یه‌وێت بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ توركیا زیاتر بكات و خۆی بۆ هه‌ر پێشهاتێكی داهاتوو ئاماده‌ بكات و له‌ رووی سه‌ربازیشه‌وه‌ زیاتر له‌ توركیا نزیك ببیته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش‌ وایه‌كردوه‌ كه‌ به‌غدا ده‌ستبه‌رداری رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ نه‌بێت.

مۆنتی كارلۆ ئه‌وه‌شی ده‌رخستووه‌ كه‌ سوننه‌ و شیعه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازی له‌یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا ناكۆكه‌ و چه‌ندین دۆسیه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌ و دیارترین ئه‌و دۆسیانه‌ش دۆسیه‌ی نه‌وت و بودجه‌یه‌.

سایته‌كه‌ ده‌ڵێت "هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی كورد له‌ شاری سلێمانی كه‌ دووه‌م گرنگترین شاری هه‌رێمه‌ كوردییه‌كه‌ی باكوری عیراقه‌، باسیان له‌ نزیكبوونه‌وه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی نێوان عیراق و توركیا كردوه‌ و پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ گێچه‌ڵێكی سیاسیی به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر كورد و چه‌ند هێزێكی به‌غدا بۆ ترستاندنی كورد و فشار خستنه‌سه‌ر كورد ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژنامه‌ی لۆفیگارۆی فه‌ره‌نسا راپۆرتێكی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و رۆشنایی خستوه‌ته‌سه‌ر پیلانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا بۆ ساڵی 2021 و به‌ "ساڵی له‌شكركێشی و په‌لهاویشتن و فراوانخوازی"ی ئه‌ردۆغانی له‌قه‌ڵه‌مداوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ توركیا به‌نیازی له‌شكركێشیی زیاتر بێت له‌خاكی عیراقدا.

له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ ئه‌یوب روبه‌یعی، په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ سایتی (بغداد الیوم)ی راگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌شكركێشییه‌كانی توركیا له‌ خاكی عیراقدا له‌ ئه‌ستۆی رژێمی پێشووی سه‌دام حسێنه‌ و هۆشداریی داوه‌ له‌ نیازه‌ خرپه‌كانی ئه‌ردۆغان له‌ خاكی عیراقدا، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ روبه‌یعی پێشبینیی له‌شكركێشییه‌كی گه‌وره‌ی توركیا بكات بۆسه‌ر‌ هه‌رێمی كوردستان وەک بەشێک لە خاکی عیراق.

روبه‌یعی راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ توركیا به‌بیانووی جیاجیا هێرشی وشكانی و ئاسمانیی كردوه‌ته‌سه‌ر خاكی عیراق و له‌ناو خاكه‌كه‌یدا بنكه‌ی سه‌ربازیی داناوه‌، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی ئاشكرای سه‌روه‌ریی خاكی عیراقه‌، به‌ڵام پێشی وایه‌ كه‌ توركیا به‌ ئاسانی ئه‌وكاره‌ی بۆ ناچێته‌سه‌ر، چونكه‌ به‌ وته‌ی ناوبراو ئێستا عیراق لاواز نییه‌ و به‌غدا ده‌توانێت به‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی سزای توركیا بدات كه‌ ساڵانه‌ به‌هاكه‌ی ده‌گاته‌ 10 ملیار دۆلار.

له‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا ئێوارەی هه‌مان رۆژ خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی وڵاتەکەی گەیشتە هەولێر و بڕیارە دۆسیەی ئەمنی نێوان هەرێم و تورکیا و ئەو دۆسیانەی جێگەی گرنگی پێدانی هاوبەشی هەردوولان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستاندا تاوتوێ بکات.

خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری و یەشار گولەر، سوپاسالاری تورکیا له‌كاتی گه‌یشتنیان بۆ هه‌ولێر لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکراوە، بڕیاریشە شاندەکەی تورکیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆدەبنەوە.

بڕیاربوو ئەو سەردانەی شاندی تورکیا ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی رابردوو ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی کوژرانی دوو فەرماندەی پاسەوانی سنور لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەناوچەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەردانەکە هەڵوەشێنرایەوە.


AM:12:35:19/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 5868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو