حكومهتی ههرێم له بارهی دەوامی خوێندنگهو زانكۆ و پهیمانگاكان بڕیاریدا
وێستگه نیوز ـ
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی رێکارەکانی خۆپارێزی و خوێندن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەوامی قۆناغەکانی یهك و دووی بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی)، تا رۆژی 16ی كانوونی دووهمی 2021 رادهگیرێت.
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەکەدا ئاماژهی بهوهشداوه: "قۆناخەکانی یهك و دووی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی دەتوانن تا کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنڵاین وەربگرن.
لەبارەی دەوامی پەیمانگاکانیشەوە دەڵێت: "دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە، تا رۆژی 16ی كانوونی دووهمی 2021 رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت".
رۆژی 1-12-2020، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە و بڕیاریدا: دەوامی قۆناخەکانی یهك و دووی بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی 7ی كانوونی دووهمی 2021 رابگیرێت و سەر لەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
هەروەها قۆناغی یهك و دووی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.
سەبارەت بە قۆناخەکانی سێی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی، بڕیاردرا کە بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام بن. هەروەها تا رۆژی 7ی ئهم مانگه سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی، سەردانکردنی بە گرووپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان راگیراوە.
دەقی روونکردنەوەکەی حکومەت:
روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا
دوای راوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی نەوەی نوێی ئەو ڤایرۆسە لە هەندێک وڵات و دوای هەڵسەنگادنی دۆخەکە بەتایبەت بابەتی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە گشت خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا هەمان ئەو بڕیارانەی پێشوو کە لەم بارەیەوە دەرکراون، پەیڕەو بکرێن:
1. دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی)، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
2. قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.
3. قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی - ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/16) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی تەندروستیی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت.
4. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.
5. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.
6. دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.
7. بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.
8. لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلیكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە)، بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، تا رۆژی (2021/1/16) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.
9. بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/16) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.
ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (2021/1/7) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێککەوتەش لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتوێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.
د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021-1-7
AM:08:16:07/01/2021
ئهم بابهته 14480
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت