كه‌مال كه‌ركوكی‌: پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركوك دەستی خیانەتكارانی لە پشتەوەیە


وێستگه‌ نیوز- 
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركوك، دەستی خیانەتكارانی لە پشتەوەیە. جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی‌، كەركوك خاوەنی ھەیە و دەست لە كەركوك و ھیچ مافێكی خۆشی ھەڵناگرێت. 

كه‌مال كه‌ركوكی‌، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ رایگەیاندووه‌، " راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركوك، دەستی خیانەتكارانی لە پشتەوەیە و بۆ یەكلاكردنەوەی ئایندەی كەركوك، لە دەستوری عیراق ماددەی 140 دانراوە و ئەو ماددەیەش بۆ دیاریكردنی ئایندەی كەركوكە، كە دانیشتووانی بۆ ئایندەی شارەكە لە ڕیفراندۆمێكدا بە ئازادی دەنگ دەدەن، كە ئایا ئیدارەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەبن یاخود لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، ئەو ڕیفراندۆمەش بۆ ئیدارەدانێتی نەك بۆ چارەنووسی خاكەكەی".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌، "ئەوەی ئێستا ھەوڵی بۆ دەدرێت، خەڵكێكە بۆ ئەوەی شتێكیان دەست بكەوێت خۆیان ھەرزانفرۆش كردووە لەگەڵ خەڵكێكی شۆڤێنی دژی مافی گەلی كوردستان و خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانن و ئەوەی من ئاگادارم لە كۆنفرانسەكەدا چەند كەسێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ھەڵوێستی پاكی خۆیان نیشان دا دەربارەی ئەو بۆچوونە و وتیان كەركوك نابێتە ھەرێمێك و ماددەی 140 بۆ  یەكلایكردنەوەی ئایندەی كەركوك دانراوە".

كه‌مال كه‌ركوكی‌ ئاشكرای‌ كردووه‌، "ئێمە ئاگادارین بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵ ھەیە وەك سەردەمی سەددام، كە كەركوكی پارچە پارچە كرد و ھەر جارە و پارچەیەكی خستە سەر پارێزگایەك، بۆ ئەوەی ڕێژەی كورد لە كەركوك كەم ببێتەوە، لەو كارانەی كردیان ناحیەی زابی سەر بە شەرگاتی موسڵ بوو، خستیە سەر حەویجە بۆ ئەوەی نفوسی عەرەبی كەركوك زیاد بكات و چەمچەماڵی لە كەركوك دابڕی و خستیە سەر سلێمانی و دووزی لە كەركوك لادا و خستیە سەر تكریت (سەڵاحەددین) و زۆر موڵكی لە كورد و توركمان  سەند و دای بە عەرەب".

راشیگه‌یاندووه‌، "ھەموو ئەو ھەوڵانە بۆ ئەوە بوو ڕێژەی كورد لە كەركوك كەم بكەنەوە و ژمارەی عەرەب زیاد بكات، كە ئەو كارە شۆڤێنیانەی ئەو سەردەمە، ھێشتا بە تەعریب و شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە و ئەنجامەكەشی پووچە، چونكە كەركوك خاوەنی ھەیە و دەست لە كەركوك و ھیچ مافێكی خۆشی ھەڵناگرێت".


PM:05:28:24/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 2092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت