داوای بانگهێشتکردنی دوو وەزیری حکومەتی هەرێم بۆ پەرلەمان دەکرێت

‌ پەرلەمانی کوردستان

وێستگەنیوز-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ و دیاریکردنی کەموکوڕییەکانی پرۆسەکە، داوای بانگهێشتکردنی وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵایان بۆ پەرلەمان کردوە.

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ داوای بانگهێشتکردنی هەردوو وەزیری خوێندنی باڵا و پەروەردەی هەرێمی کوردستانیان کردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت پلانی هەردوو وەزارەتەکە بۆ ساڵی نوێی خوێندن بزانن کەئایا پرۆسەی ئۆنلاین "کەلەبەر چەندین هۆکار شکستی هێناوە" بەردەوام دەبێت یان پرۆسەی خوێندنی ناوپۆل بەڕێکاری خۆپارێزییەوە دەستپێدەکاتەوە، چونکە ناکرێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ئەمساڵی خوێندن بفەوتێت و باشتروایە بەگرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی دەست بە خوێندنی ناوپۆل بکرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی گرفتی نەبوونی موچە کە ئەمساڵ حکومەت تەنها چوار موچەی دابەشکردوە زۆرینەی خێزانەکانی هەرێم ناتوانن پێداویستی خوێندنی ئۆنلاین لە ئامێرە زیرەکەکان و خەرجی مانگانەی ئنتەرنێت دابین بکەن، ئەوە جگەلەوەی لەسنوری پارێزگای سلێمانی تائێستا بایکۆتی خوێندنی ئۆنلانیش کراوە و هیچ وانەیەک نەخوێندراوە.

ئەمڕۆش رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لەقەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، بڕیارە رۆژی سێشەممە 1ـی کانونی یەکەم لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و پرسی  رەوشی بڵاوبونەوەی پەتاکە و دەستپێکردنەوە یان درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین تاوتوێ دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی پابەندبونی هاوڵاتیان دەکەن کە بەهۆی جێبەجێکردنی رێکارەکان ژمارەی رۆژانەی توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمیکردوە و دوای وەرگرتنی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیش لەکۆبونەوەکەدا بڕیار لەسەر بەردەوام بون یان درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین دەدرێت.


PM:11:54:26/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 3004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت