مه‌سرور بارزانی بۆ هاوڵاتییان: ماسک ببەستن و دەستکێش لە دەست بکەن

‌مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات یەکتری لە کۆرۆنا بپارێزن بە بەستنی ماسک و لەدەستکردنی دەستکێش.


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، 24ی تشرینی یەکەمی 2020، لە تویتێکدا رایگەیاند: "چەند رۆژی لەدوای یەکە، تووشبوون بە کۆرۆنا بە خێرایی زیاد بووە، هەریەک لە ئێمە ئەرکی لەسەر شانە ئەوانی دیکە بپارێزێت. بۆ ئەوەی بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوین، ماسک ببەستە و دەستکێش لەدەست بکە".

تویتەکەی مەسرور بارزانی لەکاتێکدایە، لە پێنج رۆژی رابردوودا رۆژانە زیاتر لە هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون. بەگشتی و بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیش لەوەتەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تائێستا، 67 هەزار و 184 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و 263 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

بەرپرسانی تەندروستی چەندین جار و بەتایبەتی لەو ماوانەی دوایی، هۆشدارییان داوە و داوایان کردووە خەڵک رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا جێبەجێ بکەن، لەوانە؛ دەمامک ببەستن، دەستکێش لەدەست بکەن یان بەردەوام دەستیان پاکژبکەنەوە، هەروەها دووربکەنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت؛ ئێستا، لە هەرێمی کوردستان ژماریەکی کەمی خەڵک پابەندی رێنماییەکانن.


PM:01:13:24/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت