له‌ ئیداره‌ی راپه‌ڕین گورگ ژنێك و دوو منداڵی بریندار كرد و به‌ روداوێكیش كه‌سێك گیانی له‌ده‌ستدا


وێستگه‌ نیوزـ

لە سنوری ئیدارەی راپەڕین گورگ پەلاماری ژنێك و دوو منداڵی دا و برینداری كردن له‌ روداوێكی هاتوچۆشدا لەجۆری پێكدادان كەسێك گیانی لەدەستداو دووانی دیكه‌ش بریندار بوون.

تەها محەمەد، وتەبێژی  تەندروستی راپەڕین راگەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ لە دۆڵی شاورێی سنوری ئیدارەی راپەڕین گورگ پەلاماری دوو منداڵی 11 بۆ 13 ساڵانی داوە، پاشان دایكی هەوڵیداوە رزگاریان بكات، پەلاماری ئەویشی داوەو هەرسێكیانی برینداركردووە.

وتیشی: دواتر كەسێكی دیكەی ئەو خێزانە تەقەی لە گورگەكە كردووە و هەڵاتووە، بەڵام گولـلەیەكی بەهەڵە لەخۆیداوە و خۆیشی برینداربووە، وتیشی باری تەندروستی هەر چوار بریندارەكە دوای وەرگرتنی چارەسەر جێگرە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پۆلیسی راپه‌ڕین ئاشكرایكرد كه‌ ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ڕوداوێكی هاتوچۆ لە سەر شەقامی ڕانیە-گۆڕەستانی ڕانیە لە نێوان دوو ئۆتۆمبیل لە جۆره‌كانی (پیك ئاب FAW ) و ( قەمەرە BMW) و رویداوه‌ و شۆفێری ئۆتۆمبیلی پیك ئاب FAW بەناوی ( ڕ، ع، ک ) تەمەن 43 ساڵ لەڕەگەزی نێر دانیشتووی ڕانیە/ گەڕەكی ڕاپەڕین لە ڕوداوەكەدا گیانی لەدەستدا.

هه‌ر له‌ روداوه‌كه‌ شۆفێری ئۆتۆمبیلی قەمەرە BMW بەناوی (ب، ئ، ئ) لە ڕەگەزی نێر دانیشتوی ڕانیە /گەڕەكی ڕاپەڕین لەگەڵ هاوژینەكەی بە ناوی (ش، م، ع) برینداربوون دوای چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە یەكێك لە بریندارەكان بەڕێكرا بۆ نەخۆشخانەی گشتی سلیمانی.

پۆلیسی راپه‌ڕین دوای ئەنجامدانی پشكنینی توێكاری لە پزیشکی دادوەری ڕانیە، تەرمی ناوبراو ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.


PM:10:13:23/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت