نێچیرڤان بارزانی: د.شەفیق قەزاز دیپلۆماتكارێكی لێهاتوو و وەزیرێكی سەركەوتوو بوو


وێستگە نیوز-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی كۆچی دوایی شەفیق قەزاز، دیپلۆماتكارێكی لێهاتوو و وەزیرێكی سەركەوتوو بوو.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پرسەنامەیەكدا بەبۆنەی كۆچی دوایی د. شەفیق قەزاز، سیاسەتمەدار و نووسەر رایگەیاندوووە، خوالێخۆشبوو لەو تێكۆشەر و رۆشنبیرە پێشەنگ و دڵسۆز و نیشتمانپەروەرانە بوو، كە هەموو ژیان و تەمەن و توانای خۆی بۆ خزمەتی كوردستان لە شۆڕش و خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و رووناكبیری و ئەكادیمیدا بەسەر برد و خزمەتێكی زۆر‌ی پێشكەش بە گەل و وڵاتەكەی كرد.
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "خوالێخۆشبوو لە سەردەمی شۆڕشدا دیپلۆماتكارێكی بەتوانا و لێهاتوو و لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزیرێكی سەركەوتووی كارامە بوو، لە سەرۆكایەتیی ئەكادیمیای كوردی و لە بواری نووسین و ڕۆشنبیریشدا خزمەتێكی بەرچاوی پێشكەش كرد و جێپەنجەی به هەموو ئەو بوارانەوە دیارە، كە خزمەتی تێدا كردووە".
 
هەروەها دەڵێت "بەم بۆنە خەمناكەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكارە بەڕێزەكەی دەكەم و هاوسۆز و هاوبەشی خەم و پەژارەیانم، لە خوای مەزن داواكارم گیانی خوالێخۆشبوو بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە هەمووان ببەخشێت. یادی ئەو بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە".

درەنگانی شەوی رابردوو د.شەفیق تۆفیق قەزاز، نووسەر و سیاسەتمەدار لەشاری سلێمانی بە نەخۆشیی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


PM:12:31:23/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت