رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.. له‌ مانگێكدا 75 پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ تۆرمار كراوه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
لە ماوەی مانگی رابردوودا لانیکەم 75 حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی رەزبەری رابردوو لانیکەم 75 حاڵەتی پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

کۆڵبەران (15 حاڵەت)

لەماوەی مانگی رابردوودا 15 کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە سێ کەسیان گیانیان لە دەستداوه‌، كه‌ دوو کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئه‌منییه‌کانی ئێران کوژراون.

هەروەها 12 کۆڵبەر بریندار بوون کە 11 حاڵەتی بە تەقەی راستەوخۆ بووە.

سێدارە و گیان لە دەست دان لە بەندیخانە (چوار حاڵەت)

لە مانگی رەزبەری ئەمساڵ لاینکەم دوو هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئەلیگوودەرز و سنە بە تۆمەتی قەتڵ و کوشتنی ئەنقەست لەسێدارە دراون.

لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەکانی ئورمیە خۆی کوشتووە و هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە دوای دەستبەسەر کرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تارانەوە کوژراوە.

کوژان و بریندار بوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و تەقینەوەی مین (حه‌وت حاڵەت)

لە ماوەی مانگی رابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد لە سنوورەکانی مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە.
هەروەها، دوو هاووڵاتیی مەدەنی لە سنوورەکانی کوردستان تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون.

دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (40 حاڵەت)

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی مانگی رابردوودا لانیکەم 34 هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون کە پێنج کەسیان ژن بوون.

هەروەها، شەش هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم سزای 26 ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

کرێکاری (7 حاڵەت)
لەو ماوەیەدا لانیکەم 7 کرێکاری خەڵکی شارەکانی بۆکان، سەقز، پاوە و سەردەشت لە کاتی کار کردن و بە هۆی رووداوی کارەوە گیانی لە دەست داوە.


PM:01:10:22/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو