سێ پەرلەمانتار: بارتەقاى 800 مامۆستای زانکۆ زەوى دراوە بە یەک کۆمپانیا

‌مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی لەبڕیاری حکومەت ناڕازین

وێستگەنیوز-

سێ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەى 470 مامۆستا و فەرمانبەرى زانکۆ لە سلێمانى خۆپیشاندانیان کرد، چونکە بەرپرسانی زانکۆ بە هاوکارى دەستەى وەربەرهێنان 84 دۆنم زەوى لە کەمپى نوێى زانکۆکەیان ، بەناوى قەرەبوەوە داوە بە "کۆمپانیایەک بەناوى دایک! ئەگەر بێت و ئەم زەوییە دابەش بکرێت، زیاتر لە 800 مامۆستا و فەرمانبەر سود مەند دەبن".

دابان محەمەد، ئاشنا عەبدوڵا و جەلال محەمە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە باسیان لەوەکردوە، "بەناوى چین و توێژ و پیشە جیاوازەکانەوە، مۆدێلێکى نوێى گەندەڵى و بەهەدەردان و داگیرکارى زەوى و زار دەستى پێکردوە، کە لە بنەڕەتەوە چەند کۆمپانیایەکى دیاریکراون و  دەڵاڵێکى نزیک لە بەرپرسێکى حکومەت سەروکارى دەکات".

ئەوەش هاتوە، لەو چوارچێوەیەشدا "ئەمڕۆ نزیکەى 470 مامۆستا و فەرمانبەرى زانکۆ لە سلێمانى، خۆپیشاندانیان کرد، لەکاتێکدا لەو زانکۆیەى ئەوان خزمەتى تێدا دەکەن، بەرپرسانی زانکۆ بە هاوکارى دەستەى وەربەرهێنان 84 دۆنم زەوى لە کەمپى نوێى زانکۆکەیان ، بەناوى قەرەبوەوە داوە بە کۆمپانیایەک بەناوى دایک! ئەگەر بێت و ئەم زەوییە دابەش بکرێت، زیاتر لە 800 مامۆستا و فەرمانبەر سود مەند دەبن".

ئەو سێ پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەش دەکەن، پشتیوانى لە مامۆستایان و فەمانبەرانى زانکۆ دەکەن بۆ گەیشتن بە داواکارى و خواستەکانیان، هەمو چین و توێژێک مافى سودمەندبونى هەیە، لە زەوى و سەروەت و سامانى ئەم هەرێمە، بەڵام بەم ڕێگا و ڕێکارە نایاسایى و نادادیەى ئێستا هەیە، "مۆدێلێکى نوێى گەندەڵى و بەهەدەردانە، بەناوى چین و توێژە جیاوازەکانەوە دەکرێت، پێویستە سەندیکا و نوینەرایەتی چین و توێژ و پیشە جیاوازەکانیش، وشیار و ئاگاداربن، بەناویانەوە بازرگانی نەکرێت".


PM:09:46:19/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت