وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: سبەینێ مووچه‌ی مانگی نۆ دابەش دەكرێت


وێستگه‌ نیوز ـ

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سبه‌ینی پێنجشه‌ممه‌ 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی نۆی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كرێت.


ەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، ناوەندەکانی خوێندن بەردەوام دەبن لە دەوامکردن تا کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای کۆرۆنا، ئاشكراشیكرد، سبه‌ینێ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كرێت.
 
د. جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دراوە، هەروەها لە رۆژی 01-11ی جارێکی دیکە لیژنەی باڵای کۆرۆنا کۆدەبێتەوە. دەشڵێت "بڕیار دراوە هەر کەسێک ماسک نەبەستێت سزا دەدرێت و لیژنە بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە."
 
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان وتی: "بڕیاردراوە خاڵە سنوورییەکانی باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل کراوە بن، بەڵام لەژێر چاودێری ورد دەبێت، لەبەرئەوە هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی تورکیا و ئێران بکەن".

وتیشی: "سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی نۆی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كرێت".
 
سەبارەت بە دەوامی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، د. ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەو وانانەی کە گرنگن و پێویستن، هەروەها تاقیکردنەوەکان لەنێو زانکۆکان دەبن. زانکۆکان پێویستیان بەوەیە دەرگای زانکۆکان بکرێنەوە و بەشە ناوخۆییەکان بکرێنەوە، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت".
 
وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات: "بەهیچ شێوەیەک دەوام نەکردن نییە و دەبێت خوێندکارانیش بەباشی بخوێنن و بەهیچ شێوەیەک خوێندن دواناخرێت و دەوامکردن بەردەوام دەبێت".
 
هەروەها د. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوە بڕیاریداوە کە خوێندن بەردەوام بێت تا کۆبوونەوەی مانگی داهاتووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کە مانگی رۆژی 01-11ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.
 
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێکار گیراونەتەبەر لەبارەی خوێندنگەکان و دەبێت هەموو قوتابخانەکان پابەندبن پێیەوە، لەبەرئەوە دەبێت هەموو قوتابی و مامۆستایان پابەندبن بە دووری نێوانیان لە پۆلدا و هەروەها هەموویان ماسک ببەستن.

دەشڵێت: "بە سوپاسەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر 540 ملیۆن دینار دەربڕیوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان".

وەزیری پەروەردە ئاماژە بەوەش دەدات، کە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەکو بژاردەی یەکەم لە وەرزی یەکەم بەردەوام دەبێت و چاوەڕێی دۆخەکە دەکەین بزانین کە چی بەسەر دێت و دواتر بڕیاری دیکە دەدەین.


PM:01:45:14/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 20800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت