مژده‌ مه‌حمود: حكومه‌ت ده‌یه‌وێت له‌ ساڵێكدا ته‌نها پێنج مووچه‌ بدات

‌مژدە مەحمود

وێستگه‌ نیوز ـ
پەرلەمانتارێکی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم لە ئەمساڵدا پێنج مووچەی مووچەخۆرانی بە "نایاسایی" پاشەکەوتکردووە و دەیەوێت مووچەی مانگی نۆ لە مانگی 10 دا بدرێت و مووچەی مانگی 10ش بخاتە مانگی 12ه‌وه‌.


مژدە مەحمود، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند: "بڕیاری پاشەکەوتکردن تەواو نایاساییە و دەیانەوێت پێنج مووچە بدەن لە ساڵێکدا و حەوت مووچە پاشەکەوت بکەن".

راشیگەیاند: "دەیانەوێت مووچەی مانگەکانی یه‌ك، دوو، سێ، نۆ و 10 بدەن و ماباقی مانگەکانی تر پاشەکەوت بکەن، ئیتر ئەو پاشەکەوتە دەدرێتەوە یان نادرێتەوە، دەخورێت یان ھەڵدەگیرێت یان دەدزرێت، ئەوە خۆیان دەیزانن".

ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێیوایە ھەروەکو مووچە پاشەکەوتکراوەکانی رابردوو، ئەم پاشەکەوتە نوێیانەش ھیچ چارەنوسێکیان نابێت.

دووشەممەی رابردوو، وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، بڕیاردراوە مووچەی پێنج مانگی دیکەی ئەمساڵ پاشەکەوت بکرێت و ئەو مووچەیەی بڕیارە دابەشبکرێت مووچەی مانگی نۆیە، ئەوەشی راگەیاند، کە وەزارەتی دارایی گەنجینەکانی ئاگادارکردووەتەوە لیستی مووچەی مانگی نۆ بە تەمویلی 82% ئامادە بکەن.


AM:08:27:14/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت