حه‌سه‌ن ئاڵی: عیراق پێویستی به‌ حه‌وت ملیار دۆلار قه‌رز هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌

‌حه‌سه‌ن ئاڵی

وێستگه‌ نیوز ـ
حه‌سه‌ن ئاڵی، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند، حكومه‌تی فیدراڵی عیراق پێویستی به‌ شه‌ش بۆ حه‌وت ملیار دۆلار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوو مانگی داهاتوودا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێدابین بكات.


حه‌سه‌ن ئاڵی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: له‌ نزیكترین كاتدا حكومه‌تی فیدراڵی عیراق به‌شه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كات، به‌ڵام واده‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه‌.

وتیشی: "حكومه‌تی عیراق بۆ دوو مانگی داهاتوو پێویستی به‌ شه‌ش بۆ حه‌وت ملیار دۆلاره‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داهاتی نه‌وت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابین بكات".

به‌ بڕوای ئاڵی، قه‌رزكردن عیراق رزگار ناكات له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی تێی كه‌وتووه‌، به‌ڵكو ده‌بێت چاكسازی بكات و داهات زیاد بكات.

وه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی ئاماژه‌ی پێدا، حكومه‌تی فیدراڵی عیراق چاوه‌ڕوانی په‌رله‌مان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ یاسای قه‌رز په‌سه‌ند بكات، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بكات، تا هه‌مان كێشه‌ی مانگی ئه‌یلولی بۆ دروست نه‌بێته‌وه‌.

دوای دواكه‌وتنی بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 45 رۆژ، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، حكومه‌تی عیراق ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئه‌یلوولی مووچه‌خۆران كرد.


AM:10:35:08/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت