وەزیری تەندروستی زانیاری سەبارەت بەدۆخی كۆرۆنا لەپارێزگای هەولێر ئاشكرا دەكات


وێستگە نیوز-
وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، تەرخانكردنی یەك ملیار دینار لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بۆ شاری هەولێر پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ بەردەوامبوون و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی كۆرۆنا لەپارێزگای هەولێر.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەفەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی یەك ملیار دینار بۆ تەندروستی هەولێر تەرخانكرا، بودجەكە بەشێكە لە بودجەی فریاكەوتنی حكومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كە بۆ دەڤەر و پارێزگاكانی هەرێم تەرخانكراوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە  كوردستان24ـی راگەیاندووە، تەرخانكردنی ئەو پارەیە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بۆ شاری هەولێر پاڵپشتییەكی گەورەیە بۆ بەردەوامبوون و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی، بەتایبەتی لەبواری چارەسەری و زیادكردنی ژمارەی قەرەوێڵەكانی چاودێریی چڕی هەناسەدان، بەدڵنیاییەوە كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی رێژەی مردن و زیادبوونی رێژەی چاكبوونەوە دەبێت.

لە پارێزگای هەولێر، تائێستا 129 كەس كە دەكاتە رێژەی 2.8٪ـی تووشبووانی كۆرۆنا لەو پارێزگایە، گیانیان لەدەستداوە، وەزیری تەندروستی روونیكردەوە "دۆخە قورسەكە تەنیا ئەوە نییە 200 حاڵەت لە شارێك هەبن و 150 لە شوێنێكی دیكە، بەڵكو قورسییەكە ئەوەیە بەردەوام داخڵبوون زیاترە لە چاكبوونەوە و دەرچوون لە نەخۆشخانە، ئەمەش ترسناكییەكەیە كە بەهۆیەوە قەبارەی نەخۆشخانەكان و سیستەمی تەندروستی پێویستی بە بەردەوام نوێكردنەوە هەیە".

كۆی تووشبووانی تۆماركراوی كۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر چوار هەزار و 530 كەسە، كە ئێستا 1381 كەسیان ڤایرۆسەكە لە جەستەیان چالاكە، لەو ژمارەیەش 202 كەسیان دوێنێ تۆماركراون.

لەچەند رۆژی رابردوودا دووجار كێشەی نەمانی ئۆكسجین لەنەخۆشخانەی رزگاری لەشاری هەولێر دروستبوو، بەڵام بەوتەی وەزارەتی تەندروستی ئێستا ئەو كێشەیە چارەسەر كراوە.


PM:02:31:02/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 3008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت