کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی ئەو حزبە گەیشتنە شاری هەولێر، بڕیارە ئەمشەو کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، شاندی پارتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و کۆبوونەوەکەش وەک ئامادەکارییەکە بۆ زەمینەسازی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی هەردوولا.

وێستگەنیوز لە بەدواداچونێکدا زانیاری ئەوەی دەستکەوت لە کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی سەرپەرشتی دەکرێت بە ئامانجی هێورکردنەوەی ئەو دۆخە سیاسییەیە کە چەند رۆژێکە سەرکردەکانی ئەو دوو حزبە بە زمانی زبر قسە و تۆمەت ئاڕاستەی یەکتر دەکەن.

زانیارییەکان ئاماژەبەوەش دەکەن، کۆبوونەوەی ئەمشەوی ئەو دوو حزبە کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەت و پەرلەمانن دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی هەردوولا کە ماوەی هەشت مانگ و بەدیاریکراوی لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتییەوە ئەنجام نەدراوە، ئەوەش خوێندنەوەی ئەوەی لای سەرکردایەتی یەکێتی دروستکردوە کە پارتی ئامادە نیە ئەنجامی کۆنگرە و گۆڕانکاری فراوان لە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی قبوڵ بکات.

بڕیاریشە بەر لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی بۆ یەکلاییکردنەوەی جیاوازییەکانیان بۆ یەکەمجار بە فەرمی کۆببنەوە و هەردوولا لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی چوار دەیە لە پەیوەندییەکانی نێوانیان هەڵبدەنەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆش نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامداوە و لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی بڕیاردراوە لەسەر دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بەبێ هیچ مەرجێک،  تا دەرفەت بۆ سەرکردایەتیی ھەردوولا ھەبێت بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش بگەن.

بڕیار بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان کۆبێتەوە، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ سبەی دواخرا، بەپێی به‌رنامه‌ى كاری کۆبونەوەکەش کە لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاریکراوە لەبارەی پێنج بڕگەوە گفتوگۆ بکات، کە ئەوانیش خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دوەم بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا و ده‌نگدان له‌سه‌ر داواكاریی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان (سۆران عومەر سەعید) له ‌ئه‌ندامیه‌تیی په‌رله‌مان دەکرێت.

پێشوتر ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری هەڵپەساردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی دابوو، تا ئەو کاتەی یەکێتیی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا بۆ تاوتێکردن و چارەسەکردنی کێشەکانی نێوانیان کۆدەبنەوە.

هـ.هـ


PM:08:29:26/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 3492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو