تۆپخانەکانی سوپای تورکیا دەوروبەری قەزای زاخۆ تۆپباران دەکەن


وێستگه‌ نیوزـ ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزی

تۆپخانەکانی سوپای تورکیا دەوروبەری گوندی منین لە ناحیەی دەرکاری سەربە قەزای زاخۆ لە سنوری پارێزگای دهۆک تۆپباران دەکەن.

سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ی ته‌مموزی 2020، تۆپخانه‌كانی سوپای توركیا جارێكی دیكه‌ ده‌ستیان به‌ بۆردومانكردنی خاكی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و چه‌ندین تۆپیان ئاراسته‌ی گوندی منین له‌ قه‌زای زاخۆی سه‌ربه‌ پارێزگای دهۆك كرد.

سوپای توركیا به‌ بیانووی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ ئۆپراسیۆنی زه‌مینی و ئاسمانی ده‌كاته‌سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان.

بەوبیانوەش، ئه‌مڕۆ دووباره‌ تۆپخانەکانی تورکیا ده‌ستیان به‌ تۆپبارانكردنی ناوچه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێم له‌ قه‌زای زاخۆ كرده‌وه‌ و گوندی منینی تۆپباران كرد، ئەوەش لەکاتکدایە کە چەند رۆژێکە هێزەکانی پاسەوانی سنوری عیراق لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم و تورکیا بڵاوەیان پێکراوە.

پێشتریش زێرەڤان موسا، بەرێوەبەری ناحیەی دەركاری سەر بە قەزای زاخۆ رایگەیاند، لە سەرەتای هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنورییەكان 693 تۆپ بەر گوندەواری ناحیەی دەركار و دەوروبەری كەوتوون.

بەرێوەبەری ناحیەی دەركار بەوێستگەنیوزی راگەیاند، دوو رۆژە بارودۆخی ئەمنی لە سنوری ناحیەكەیان ئارامترە لە رۆژانی رابردوو، ئاماژەی بەوەكرد، لە سەرەتای هێرشەكانی سوپای توركیا 693 گولـلەی تۆپ و 70 رۆكێت بە گوندەوار و چیای خامتیر و گەلی پسئاغا و دەوروبەری كەوتوون.

زێرەڤان موسا روونیكردەوە، لە ناو گەلی پسئاغا 13 گوند زیانیان بەركەتووە و لە ناوچەی مچوولیاش شەش گوند بەهۆی هێرشەكانی توركیا زیانیان پێكەوتووە، بەوتەی زێرەڤان نزیكەی 25 گوند لە سنوری ناحیەی دەركار زیانیان پێگەیشتووە و دوو رۆژە ئەو گوندانەی نزیكن لە سەنتەری ناحیەكە ئاسانكاری بۆ جوتیارانی كردووە دەچنە ناو رەز و باخەكانیان.


PM:05:56:05/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو