ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و گۆڕان

‌لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە

وێستگه‌ نیوز ـ

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سلێمانی كۆتایی هات، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی كردووه‌ته‌وه‌.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ی ته‌مموزی 2020، شاندێكی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ سلێمانی سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی كرد و له‌ لایه‌ن عومه‌ر سه‌ید عه‌لی، رێكخه‌ری گشتی گۆڕانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند، "گرنگترین تەوەرەکانی ئەم کۆبونەوانە بارودۆخی هەرێمی کوردستانە، چ ئەوەی پەیوەندی بە بژێوی خەڵک و قەیرانی دارایی و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا هەیە هەروەها ئەوەی پەیوەندی بە لایەنەکان و حکومەتەوە هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەی ئەمڕۆ جەختیلەوەکردەوە کە دەبێت چاکسازی بکەن، تەنها تەنها چاکسازی چارەسەرە، بەڵام چۆن چاکسازی دەکرێت هەندێکی پەیوەندی بە پەرلەمان و هەندێکی دیکە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە و هەموولا کۆکن لەسەر ئەوەی  کە چاکسازی بکەن لە زووترینکاتدا".

لەبارەی پەیوەندی نێوان یەکێتی و گۆڕان، دەرباز محەمەد وتی: "لیژنەیەکمان پێکهێناوە کە پێشتر ئەو لیژنەیە هەبوە، بەڵام ئێستا رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە گەرموگوڕتر لەسەر بابەتەکانی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی گفتوگۆ بکەین و دابنیشن و هەرگرفتێک هەبێت بەزوترین کات چارەسەری بکات، هەروەها ئەو لیژنەیە روئیای هاوبەشی هەمو هەرێمی کوردستان نەک تەنها یەکێتی و گۆڕان رێکبخات بۆ پرسی لامەرکەزیەت، چونکە زۆرجار باسی لامەرکەزت دەکرێت بەڵام ئەوە رونکردنەوەی زۆرە، رەئی هەمو پارتە سیاسیەکانی دیکە وەردەگرین بەوانەی حکومەت و دەرەوەی حکومەت بۆ ئەوەی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 بەشێوەیەک هەموار بکەین بچێتە خزمەتی خەڵکەوە".

هاوکات سۆران جەمال تاهیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند: "پێویستە لە پرسی چاکسازیدا کەمترین زیان بە بژێوی خەڵکی کوردستان بکەوێت و زۆرترین چارەسەرەکان لە داهات و رێککەوتنە نەوتیەکاندا بێت ئەوەش لەسەر مێزی گفتوگی لایەنەکانی حکومەت و دەرەوەی حکومەت و هەروەها لە رێگەی پەرلەمانی کوردستاندا بێت".

رونیشیکردەوە، "یەکێتی و گۆڕان دوانەیەکی سیاسی یەک دایکن، بۆ چاکسازی و بەرەوپێشبردنی دۆخی کوردستان بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوانمان گفتوگۆمان کرد رێککەوتننامەی سیاسی و ئیداری لە نێوانماندا هەیە و پەرەی پێدەدەین".

دەرباز محەمەد لەبارەی چاکسازی رونیکردەوە: "بە سەراحەت دەیڵێین داهات لەوە زیاترە کە دراو بە موچە، بەڵام ناچێتە خەزێنەی حکومەتەوە و دەبێت بێتە خەزێنەی حکومەتەوە، دەبێت ئەو لایەنانەی بەرپرسن لەوەی داهاتی ناچێتە خەزێنەی حکومەتەوە تەحەمولی بەرپرسیارێتی بکەن و وەڵاممان بدەنەوە".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە پەیجی فه‌رمی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، "ئەمڕۆ سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان-م كرد بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی.

دەشڵێت: "لەگەڵ عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی و لێپرسراوانی تری باڵای بزوتنەوەكە كۆبووینەوەو، دەربارەی چاككردنی دۆخی بژێوی هاووڵاتیان و بارودۆخی گشتی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەردوولاو چەند بابەتێكی تری گرنگ گفتوگۆمان كرد".


PM:02:49:01/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت