سەرکردەیەکی باڵای گۆڕان لەبارەی لێدوانێکی بەرامبەر یەکگرتوو و کۆمەڵ رونکردنەوە دەدات


وێستگەنیوز-
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی لێدوانێکی بەرامبەر هەڵوێستی یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بەرامبەر حکومەت رایگەیاند، کاتێک وتویەتی ئەوان پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، مانای لێدوانەکەی ئەوە بو کە "ئەو دو هێزە خەمخۆرن بۆ کۆی بارودۆخەکە، سەرەڕای ئەوەی کە لە حکومەتیشدا بەشدار نین".

دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە رایگەیاند، "برایان لە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، نیگەرانی بەڕێزتانم پێگەیشت لەبارەی ئەو لێدوانەمان، راستیەکەی مەبەستی لێدوانەکەمان پەرۆشی و خەمخۆری ئێوەی بەڕێز بوە بۆ کۆی بارودۆخەکە، سەرەڕای ئەوەی کە لە حکومەت بەشدار نین".

ئەو سەرکردەیەی گۆڕان ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەوەی رویدا «زلة لسان» بوو، بۆ مەبەستێکی ئەرێنی، بەداخەوە مەبەسەتەکە وەکو خۆی نەگەیشت، « جل من لا یخطئ » ئەگەر نا سیاسەتی ئێوەی بەڕێز روونە بەرامبەر بە حکومەت".

رونکردنەوەی ئەو سەرکردەیەی گۆڕان دوای ئەوە هات، دوێنێ لە لێدوانێکدا کە میدیاکانی حزبەکەی بڵاویانکردوە رایگەیاندبوو، "یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی پەرۆش و پشتیوانی حکومەتن و لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییە ئەوەیان لێبینیون کە بە پەرۆشن بۆ دەستگرتن بە حکومەت و پاراستنی".

ئەوەش کاردانەوەی سەرکردەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی لێکەوتەوە، سەرکردەکانی ئەو دو پارتە لە چەند رونکردنەوەیەکی جیاوازدا باسیان لەوەکردوە، ئەوان وتویانە پشتیوانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبن نەک "حکومەتێکی گەندەڵ و شکستخواردوو".


AM:09:38:01/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 2332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت