ئاسایشی سلێمانی دەستی بەسەر 24 كیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرت


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكان لەئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەستیان بەسەر 24 كیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە و لەماوەی ئەمساڵیشدا 180 تۆمەتباریان دەستگیركردووە.

جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەكان لە پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەستیان بەسەر ٢٤ كیلۆ حەشیش، تلیاك و ھیرۆیندا گرتووە كە بازرگانەكانی ماددە ھۆشبەرەكان بەنیازبوون بینێرنە دەرەوەی ھەرێمی كوردستان، هەر لەماوەی ئەمساڵیشدا 180 بەكارهێنەر و بازرگان دەستگیركراون.

ناوبراو روونیكردەوە "ئێمە گومانمان لەو ئامێرانەی ئوتومبیل هەبوو و دەستمان بەسەردا گرتن، هەموو مەكینەكانمان هەڵوەشاندونەتەوە، ماددەی هۆشبەریان تێدابووە و بڕی ماددەكانیش 18 كیلۆ بووە".

جەلال ئەمین بەگ جەختكردەوە، ئەم ئامێرانە، خەڵكی ئاسایی ناتوانێت دروستیان بكات، بەڵكو لە كارگە دروست دەكرێن ئەم كارگەیەش لێرە نییە، ئەگەر لێرە بووایە دەستیان بەسەردا دەگرت، بەڵكو لە وڵاتێكی دیكەوە زۆر شارەزایانە لەلایەن باندی ماددەی هۆشبەرەوە دروست دەكرێن.

بەرپرسی ماددە هۆشبەرەكان وتی "لە هەموو جیهان ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەیە لەنێوان ئەوانەی كار لەبواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەكەن، كەچی بەداخەوە تائێستا ئێمە لەگەڵ هیچ كونسوڵێك، هیچ وڵاتێكی دراوسێ و شوێنیكی دیكە ناتوانین زانیاری بگۆڕینەوە، كە پێویستە بۆ ئەوەی بازرگانەكان لەدەست دەرنەچن".


PM:02:18:30/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت