رۆژهەڵاتی کوردستان.. هاوڵاتییەکی کورد لە سێدارە درا


وێستگەنیوز-

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە سزای لە سێدارە دان بەسەر محەمەد عەزیز مەحمودی تەمەن 25 ساڵدا جێبەجێکرا، کە دوو ساڵ لەمەوبەر و بەهۆکاری کوشتنی کەسێک لە گوندی دزڵی سەر بە شاری سنە دەستگیرکرابوو.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە گرنگی بە دۆسیەی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەدات لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە سزای لەسێدارەدان بەسەر بەندکراوێکی کورد بە ناوی محەمەد عەزیز مەحمودی لە بەندینخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا، دوای ئەوەی مانگی رەمەزانیش جارێکی دیکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە برابووە ژوری تاکەکەسی، بەڵام سزاکەی دواخرا.

ئەوەش هاتوە، محەمەد عەزیز مەحمودی تەمەن 25 ساڵ و خەڵکی گوندی دزڵی سەر بە شاری سەوڵاوا دوو ساڵ پێش ئێستا کەسێکی دیکەی خەڵکی دزڵی بە ناوی دیاکۆ کەریمی کوشتووە، ناوبراو لە هەمان رۆژدا دەستبەسەرکراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای بەندکردنی بە سەردا سەپێندرا.

لەبارەی هەوڵی چالاکوانانیش بۆ راگرتنی سزاکە باس لەوەکراوە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا هەوڵەکانی چالاکانی مەدەنی بۆ وەرگرتنی رەزامەندی "جەماڵ کەریمی" باوکی دیاکۆ کە لەلایەن محەمەد عەزیز مەحمودی تەمەن 25 ساڵەوە کوژرابوو بێ ئاکام بوو.


AM:09:41:30/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت