سەرکردەیەکی گۆڕان: قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەدایە، دەبێت یەکڕیز بین


وێستگەنیوز-
ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیران و ئاستەنگییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان سبەی پارتی و گۆڕان کۆدەبنەوە، دەشڵێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەدایە، دەبێت هەمو لایەنەکان یەکڕیز بین.

موئەیەد ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە سایتی پارتی راگەیاندوە، سبەی شاندێکی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، "ئامانجی سەردانەکەش بۆ ئەوەیە هەموومان پێکەوە چارەسەرێک بۆ ئەم قەیران و تەنگژانەی هەرێمی کوردستانی تێ کەوتووە بدۆزینەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆبوونەوەکە لە لەچوارچێوەی ئەو سەردانانەدا دەبێت کە بۆ لای لایەنەکان دەستیان پێ کردووە.

ئەو سەرکردەیەی گۆڕان باسی لەوەشکردوە، "وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەست دەکەین قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەدایەو دەبێ هەموومان یەکڕێز و یەکهەڵوێست بین بۆ ئەم گوشارانەی لەسەر هەرێم هەن".

ئەمڕۆ شاندێکی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی گۆڕان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کردو لەگەڵ شاندێکی ئەو حزبە بە سەرۆکایەتی سەڵاحەدین بەهادین کۆبوونەوە و بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێم، قەیرانی دارایی، پرسە موچە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆیانکردوە.


PM:07:13:28/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت