شاندی باڵای یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوە


وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە شاندێکی باڵای یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی کۆبوونەوە و رایانگەیاند، جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی هەرێم دەکەنەوە و پێویستە هەموو لایەنەكان بەگشتی و لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت بەتایبەت هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ چارەسەرکردنی كێشە و گرفتەكانی هاوڵاتیان بە تایبەت پرسی دابینكردنی موچە.

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک لەبارەی کۆبوونەوەکە نوسیویەتی، "ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەل وەفدێکی یەکێتی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانمان کرد، لەم سەردانەدا لەگەڵ بەڕێز سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی، و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئەو حزبە، گفتوگۆمان لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم و عیراق و ناوچەكەمان کرد".

لای خۆیەوە مەکتەبی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەبارەی کۆبونەوەکە باسی لەوەکردوە، "لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كراو جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و خەڵكی هەرێم كرایەوەو ئاماژەش بەوەكرا كە پێویستە هەموو لایەنەكان بەگشتی و لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت بەتایبەت هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ چارەسەری كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتیان بە تایبەت پرسی دابینكردنی موچە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاماژە بەوەکراوە، بەپێویست زانراوە هەوڵە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان چڕتر بكرێنەوە بەمەبەستی گەیشتن بەڕێككەوتنێك كە سودمەندی یەكەم تیایدا هاوڵاتیانی هەرێم بێت.






PM:08:28:27/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 2332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت