لاهور شێخ جەنگی باس لە ئەگەری کشانەوەی یەکێتی لە پەرلەمان و حکومەت دەکات


وێستگەنیوز-

هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی هەرێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گاته رێككه‌وتن و شەفاف نەبێت لە خەرجی و داهات، ئەوان ناچنە ژێرباری موچەبڕین و هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداری له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت یه‌كێك ده‌بێ له‌ بژارده‌كانیان.

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرەی خۆی لە تویتەر باسی لەوەکردوە، "ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گاته رێككه‌وتن، شه‌فافییه‌تی نه‌بێت له‌ خه‌رجی و داهات،  یه‌كێتی ناچێته ژێر باری مووچه بڕین".

هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵوێستی حزبەکەشی لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەو داواکارییە ئاشکرادەکات و رایگەیاند، "هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداری له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت یه‌كێك ده‌بێ له‌ بژارده‌كانمان".

دوێنێش مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاگادارن حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کەمکردنەوەی موچەی بە ناچاری و لەژێرباری قەیرانێکی قورسی ئابوریدا دەرکردوە، بەڵام بە پێویستی دەزانن لە قۆناغی داهاتودا چاکسازی جگە لە موچە لەسەرجەم کەرتەکانی دیکەی وەکو نەوت وسەرجەم دامودەزگای ئابووری و وەبەرھێنان بگرێتەوە و پەرلەمانی کوردستانیش بڕیار لەو رێکارانە بدات.






AM:11:41:23/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 4760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو