یەکێتی هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیاری کەمکردنەوەی موچە راگەیاند


وێستگەنیوز-
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاگادارن حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کەمکردنەوەی موچەی بە ناچاری و لەژێرباری قەیرانێکی قورسی ئابوریدا دەرکردوە، بەڵام بە پێویستی دەزانن لە قۆناغی داهاتودا چاکسازی جگە لە موچە لەسەرجەم کەرتەکانی دیکەی وەکو نەوت وسەرجەم دامودەزگای ئابووری و وەبەرھێنان بگرێتەوە و پەرلەمانی کوردستانیش بڕیار لەو رێکارانە بدات.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، وێڕای پشتیوانی بۆ تیمی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە بەرێزەکان بۆ بەشداریکردنیان لەم بڕیارە لەگەڵ سەرجەم پێکھاتەکانی ناو  حکومەتی ھەرێم رایدەگەیەنین کە بەهۆی دابەزینی نەوت، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دۆخی نائاسایی وڵات، دەزانین کە حکومەتی ھەرێم بەناچاری ئەم بڕیارە قورسەی داوە.

ئەوەش هاتوە، داوا لە حکومەتی ھەرێم دەکەن بەسەرجەم پێکھاتەکانییەوە ھەنگاوی جددی و بەرجەستە بنێن  بۆ چاکسازیی لەھەموو جومگەکانی داھات و خەرجییەکانی ھەرێمدا و لەم قۆناغە چاکسازی تەنھا موچەی موچەخۆران نەگرێتەوە،  بەڵکو سەرجەم دامودەزگای ئابووری و وەبەرھێنان و کۆمپانیا نەوتییەکان و داھاتەکانی ھەموو لایەن و پێکھاتەکان بگرێتەوە و دەستەبەری شەفافیەت لەسەرجەم داھات و خەرجییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان بکات.

ئەوەش خراوەتەڕو، مەکتەبی سیاسیی داوا دەکات بۆ داھاتوو ودوای ئەم مانگە، سەبارەت بە چارەنووسی موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆران و کارمەندانی کوردستان پێویستە لەبەردەم پەرلەمان و لەسەرپێشنیاری حکومەت بکرێت و دوا بڕیار بۆ پەرلەمانی کوردستان بێت کە باڵاترین دەزگای یاسادانان و چاودێری حکومەتە




راگەیندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان:

لەبەر رۆشنایی بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەمکردنەوەی تەمویلی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە بڕی ٢١ لەسەد و بە تەمویلکردنی لە ٧٩لەسەدی کۆی مووچە تەنھا بۆ ( یەک مانگ) کۆبوونەوەی نائاسایی مەکتەبی سیاسیی رایگەیاند :

وێڕای پشتیوانی خۆی بۆ تیمی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم بە بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرە بەرێزەکانەوە بۆ بەشداریکردنیان لەم بڕیارە لەگەڵ سەرجەم پێکھاتەکانی ناو  حکومەتی ھەرێم رایدەگەیەنین کە:

لەگەڵ ئەوەی یەکێتی نوێنەری رەنجدەرانی بیروبازووی جەماوەری کوردستانە و لەم سۆنگەیەوە وەک پرەنسیبی بنەڕەتی لەگەڵ کەمکردنەوەی قووتی ھاونیشتمانیان و مووچەخۆرانی کوردستان نییە کە شایستەی خزمەتکردنی زۆر و زیاترن، بەڵام بەھۆی باری نائاسایی ھەرێمی کوردستان  و عێراق و ناوچەکە و دابەزینی نرخی نەوت کە شادەماری ئابووری ھەرێم و عێراقە و بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە سەرجەم دامودەزگا و جومگەکانی ھەرێم و ناوچەکەی پەکخستووە، دەزانین کە حکومەتی ھەرێم بەناچاری ئەم بڕیارە قورسەی داوە.

مەکتەبی سیاسیی داوا دەکات لە شاندی حکومەتی ھەرێم کە بەنیازن بەزوترین کات بەرەو بەغدا بەرێبکەون بەمەبەستی تەواوکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕال،  ھەرچی زۆرتر و زیاترە پێداگری لەسەر مافە رەواو دەستوری و یاساییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات. 

ھەروەھا داوا لە حکومەتی ھەرێم دەکات بەسەرجەم پێکھاتەکانییەوە ھەنگاوی جددی و بەرجەستە بنێن  بۆ چاکسازیی لەھەموو جومگەکانی داھات و خەرجییەکانی ھەرێمدا و لەم قۆناغە چاکسازی تەنھا موچەی موچەخۆران نەگرێتەوە،  بەڵکو سەرجەم دامودەزگای ئابووری و وەبەرھێنان و کۆمپانیا نەوتییەکان و داھاتەکانی ھەموو لایەن و پێکھاتەکان بگرێتەوە و دەستەبەری شەفافیەت لەسەرجەم داھات و خەرجییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان بکات.

ھەروەھا مەکتەبی سیاسیی داوا دەکات بۆ داھاتوو ودوای ئەم مانگە، سەبارەت بە چارەنووسی موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆران و کارمەندانی کوردستان پێویستە لەبەردەم پەرلەمان و لەسەرپێشنیاری حکومەت بکرێت و دوا بڕیار بۆ پەرلەمانی کوردستان بێت کە باڵاترین دەزگای یاسادانان و چاودێری حکومەتە


AM:08:39:23/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 4640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو